فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان تیرۆری وشیار ئیسماعیل ئیدانە دەکات

 فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان تیرۆری وشیار ئیسماعیل ئیدانە دەکات
فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک کە ئیدانەی تیرۆركردنی دكتۆر وشیار ئیسماعیل دەكات کە شەوی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تیرۆر کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ، هاوتووە " شاری هەولێر ناوەندێكی گرنگی سیاسی و عەسكەری و ئابووری ناوچەكەیە، بۆیە دەزگە ئەمنییەكان بەوپەڕی توانایانەوە، ئەركی ماندوونەناسانەی خۆیان ڕادەپەڕێنن و ئەمەیش جێگەی ڕێزە، داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین، كە چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بن و لە بەخشینەوەی تۆمەتدا پەلە نەكرێت"



دەقی راگەیەندراوەکە:


شەوی ڕابردوو لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دكتۆر هوشیار ئیسماعیل كە زانایەكی پایەبەرز و بەڕێزی ئەو شارە بوو، تیرۆر كرا، ئەمەیش بەلای هەموومانەوە جێگەی داخ و هەڵوەستە و تێڕامانە، چونكە دكتۆر هوشیار كەسایەتییەكی بەڕێز و خۆشەویست و ئاشتیخوازی ئەم شارە بوو، لە بواری ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و ئەمەیش وای كردووە، كە خۆشەویستی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵ بێت و بەلای كاربەدەستانی شاریشەوە ڕێزلێگیراو بێت.


پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوون بە پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە پیرۆزییە ئاینییەكان، هەمیشە ڕێزی لە مامۆستایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام گرتووە و لە هەموو سەردەم و قۆناغەكاندا، بیروڕا و سەرنج و تێبینییەكانیانی بە هەند وەرگرتوون، ئەو ڕێزەیش هەمیشە وەك خۆی دەمێنێتەوە.


ئێمە كاتێك لە شەڕی دژی تیرۆر داین، بە بەردەوامی خەمی ئەوەمان هەبووە و هەیە، كە دوژمنانی گەلەكەمان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، لە ڕێگەی كردەوەی دژە ئینسانییەوە، هەوڵی لێكترازانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی بدەن و ئاگری فیتنە و ئاشوب هەڵگیرسێنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا و ماندووبوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە ئەمنییەكان، كوردستان ئارامە و هەركەسێكیش نییەتێكی وای هەبێت، لە دەستی یاسا ڕزگاری نابێت.


شاری هەولێر ناوەندێكی گرنگی سیاسی و عەسكەری و ئابووری ناوچەكەیە، بۆیە دەزگە ئەمنییەكان بەوپەڕی توانایانەوە، ئەركی ماندوونەناسانەی خۆیان ڕادەپەڕێنن و ئەمەیش جێگەی ڕێزە، داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین، كە چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بن و لە بەخشینەوەی تۆمەتدا پەلە نەكرێت، هێزە ئەمنییەكان لە دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە مەزنە، هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتە گەڕ و هیوادارین بە زووترین كات، ئەو دەستە ڕەشەی لە بندا ببڕن.




فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان




23/11/2016










باسنیوز
Top