نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لەسەر چەند پرسێک كۆبوونەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، كە بە سەردانێكی فەرمی لە توركیایە، سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە 23-11-2016 لەگەڵ بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە، بڕیارە چاوی بە چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتەش بكەوێت.
تاوەكو ئێستا هیچ راگەیێندراوێك لەبارەی نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بڵاونەكراونەتەوە، بەڵام پێشتر سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو " لە كۆبوونەوەكاندا پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەكانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەكرێن".
بەپێی زانیارییەکان، لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی و بیناڵی یڵدرم باسی پرۆسەی ئاشتی و دۆخی نێوخۆی تورکیایان كردووە، بەتایبەت پرسی کورد لەو وڵاتە و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکانی هەدەپە، لەگەڵ ئەردۆغانیشدا پرسی كورد تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە دەبێت و، چاوەڕێ دەکرێت سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای پێداچوونەوە بە هەڵوێستی بەرپرسانی تورکیا بکات لەسەر ئەو پرسە.
میدیاکانی تورکیا وەک سوپرایزێک باسی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانییان كردووە و، باس لەوە دەکەن لە كۆبوونەوەكاندا قسە لەبارەی رەوشی عێراق و کوردستان دەکرێت بەتایبەت ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، کە تورکیا نیگەرانە لە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لە کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەر.
