وەزارەتی خوێندنی باڵا: تەنیا دان بە بڕوانامەی زانکۆی قەڵەمدا دەنێین
لەبارەی چاوپێکەوتنێکی د. سەلام خۆشناو، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق کە لە ژمارە 311ی ڕۆژی 22\11\2016ی هەفتەنامەی (باس)دا ئەنجام دراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژە بەوە دراوە: ”د. سەلام خۆشناو لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت، حکوومەتى هەرێمى کوردستان دان بە بڕوانامەى زانکۆکانى (قەڵەم، کتاب، حەدبا و ئیمام ئەعزەم)دا دەنێت، لێرەدا ئەوە ڕوون دەکەینەوە کە جگە لە زانکۆى (قەڵەم) کە لە ئێستادا لە پڕۆسسدایە، بڕیارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمى کوردستان هەمان بڕیارى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیرانە کە دان بە بڕوانامەى زانکۆ تایبەتەکانى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستاندا نانێ و مامەڵەیان لەگەڵدا ناکات“.
وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردووەتەوە: “هەر لە میانەى چاوپێکەوتنەکەدا، بەڕێزیان باس لەوە دەکات، لەمەودوا 5%ى قوتابیانى کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى عێراق وەردەگیرێن، ئەم بابەتە زیاتر لە پێنچ ساڵە بڕیارى لەسەر دراوە، بەڵام لە ماوەى ڕابردوودا بەهۆکارى بارودۆخى تایبەتى و ئەمنیی عێراق، وەک پێویست کارا نەکراوە”.
سەبارەت بە پشکى هەرێمى کوردستان لە بەرنامەکانى ناردنە دەرەوەى حکوومەتى عێراقى فیدراڵ، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە: “تەنها گفتوگۆ کراوە و هیچ بڕیارێک لە ئێستادا لەو بارەیەوە نەدراوە، بۆ ئەم مەبەستە تەنها یەک لێژنە پێکهاتووە کە بڕیارە لە داهاتوودا بە وردى دیراسەى ئەم بابەتە بکات و پێشنیازى گونجاو پێشکەش بکات”.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە چوارچێوەى کۆبوونەوە هاوبەشەکانى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی عێراق و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی هەرێمى کوردستان، کۆمەڵێک بابەتى “زۆر گرنگ” باسیان لێوە کراوە و لێژنەى هاوبەش-یش بۆ ئەو بابەتانە پێکهێنراوە کە پێشبینى دەکەن لە ئایندەدا لێژنەکان ئەرکەکانیان بە زووترین کات ڕابپەڕێنن و ڕاسپاردە و پێشنیازى گونجاو ئامادە بکەن بۆ ئەوەى بڕیارى پێویستیان لەبارەوە بدرێ. بۆیە لەکاتى دەرچوونى بڕیارەکان لە نێوان هەردوو وەزارەت، دەقى بڕیارەکان لە کەناڵە فەرمییەکانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ڕاى گشتى بڵاویان دەکەینەوە”.
باسنيوز
