تاران، بەغدا و ئەنکەرە کێشەیان لەگەڵ کوردستانی سەربەخۆ نییە
ڕاپۆرتەکە، کە لە 179 لەپەڕە پێک ھاتووە، بە وردی باس لە کاردانەوە چاوەڕوانکراوەکانی سێ ئەکتەری سەرەکی گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە لە تورکیا، ئێران و حکومەتی ناوەندی عێراق پێکدێن. توێژەرەکان پێیانوایە ئەم سێ لایەنە خوازیارن ئەگەر هەرێمی کوردستان بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات، ئەوا پرۆسەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور پرۆسەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بێت و نەبێتە پاڵنەرێک بۆ ڕابوونی کوردەکان لە پارچەکانی دیکە.
عەلی ڕەزا نادر، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە و توێژەر لە دامەزراوەی ڕەند، پێیوایە حکومەتی عێراق تەنانەت دەتوانێت سوود لە جیابوونەوەی کوردەکانیش وەربگرێت و دەرەنجامە نەرێنییەکان لەسەر عێراقێکی بێ کوردستان کەم بکاتەوە و بۆ ئەم دەستکەوتەش پێویستە گفتوگۆ لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبێت، کە دواجار خزمەت بە بەرژەوەندیی ھەردوولا بکات.
توێژینەوەکە بە گشتی خوێندنەوەیەکە بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سێ سیناریۆی جیاوازدا:
یەکەم/ کوردستان یەکلایەنە بڕیاری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بدات، کە ئەمەیان لە لایەن حکومەتەکانی ناوچەکە پشتیوانیی ناکرێت.
دووەم: لە ئەگەری ڕوخانی حکومەتی عێراق، کوردەکان ھەلێک بقۆزنەوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
سێیەم: جیابوونەوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ لە ڕێگەی دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا.
بە پێی توێژینەوەکە، سەرەڕای پێداگریی حکومەتی بەغدا لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، دەسەڵاتدارانی ناوەند ئەستەمە بتوانن ڕێگە لە جیابوونەوەی کوردەکان بگرن، ئەگەر کورد بڕیاری خۆی دابێت بۆ جیابوونەوە، ھەر بۆیەش باشترین ڕێگە و پڕ سوودترین ھەڵبژاردە بۆ ھەردوولا، دانوستاندن و ڕێککەوتنە.
سەبارەت بە تورکیا، لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە حکومەتی ئەنکەرە، بەھۆی ئەو گۆڕانکارییەی لە سیاسەتەکانیدا ھاتووەتە ئارا، پێدەچێت ڕێگری لە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان نەکات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەھێزبوونی پەیوەندی ھەردوولا لە بوارەکانی وزە و بازرگانی و ھەروەھا بێ ھیوایی حکومەتی تورکیا لە بەغدا و دیمەشق. ئاماژە بەوەش کراوە، کە تورکیاش ڕەزامەندیی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان دەدات بە مەرجێک پرۆسەکە قۆناغ بە قۆناغ بێتە جێبەجێکردن.
سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران، توێژەرەکان پێیانوایە حکومەتی تاران لەوانەیە کێشە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دروست نەکات، تەنھا ئەگەر دڵنیا بێت ئەم ھەنگاوە جووڵەی ناڕەزایی ناخاتە نێو کوردەکانی کوردستانی ڕۆژھەڵات.
عەلی ڕەزا نادر لەم بارەوە دەڵێت، ئێرانیش بەرژەوەندیی ئابووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی عێراق، تاران ھێشتان خوازیاری پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییانەیە لەگەڵ ھەولێر. بۆیە ئەم بەرژەوەندییە ئابوورییانە دەکرێت نەرمی بخەنە کاردانەوەکانی کوماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر سەربەخۆیی کورد لە عێراق.
باسنیوز
