مامۆستایەکی ئایینی لەبەردەم ماڵەکەیدا کوژرا
ماڵپەڕی فەرمیی یەکگرتوو بڵاوی کردەوە، شەوی ڕابردوو، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر، تەقە لە دکتۆر (وشیار ئیسماعیل)، مامۆستای ئایینی کراوە. ئەوەش ڕوون کراوەتەوە کە ئەو چەکدارانە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا تەقەیان لەو مامۆستا ئایینییە کردووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.
هەر لەمبارەیەوە نەقیب هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، کوژرانی ئەو مامۆستا ئایینییەی پشتڕاست کردەوە و ڕای گەیاند: ”ھەموو تیمەكانی پۆلیس و ئاسایش لە ئەركدان بۆ دەستخستنی زانیاری و دەستگیركردنی ئەو تاوانبارانەی دەستیان ھەیە لە كوشتنی مامۆستا وشیار".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەو مامۆستا ئایینییە كەسێكی خۆشەویست بووە لەناو خەڵكی ھەولێر، بۆیە ھەموو كەس بۆی پەرۆشە، ئێمەش وەك پۆلیسی شاری ھەولێر دڵگرانین بە لە دەستدانی كەسایەتییەكی دڵسۆزی شارەكە، ئومێد دەكەین لە ماوەیەكی كەمدا زانیاریی تەواومان دەستبكەوێت و ھۆكاری كوژرانی ئەو مامۆستایە ئاشكرا بكەین".
باسنیوز
