سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ باشیك هیوا و ئۆمێدێكی گەورەی خستە ناو دڵی خەڵكی ناوچەكە

 سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ باشیك هیوا و ئۆمێدێكی گەورەی خستە ناو دڵی خەڵكی ناوچەكە

سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ رایگەیاند، ئەو شوێنانەی هێزی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئازادی كردوون، كوردستانینە و بە هیچ شێوەیەك هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ناكشێتەوە، كە ئەوە داوای خەڵكی ناوچەكەشە. روونیشیكردەوە، سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ باشیك و ئەو پەیامەی لەو شارەدا گرنگی خۆی هەبوو و، هیواو ئۆمێدێكی گەورەی خستە ناو دڵی خەڵكی ناوچەكە و، هەر دوای ئەو پەیامە فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی باشیك گەڕانەوە دەوامی ئاسایی خۆیان.



سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بۆ "هەولێر" گوتی: پەیوەندیەكی زۆر باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، هێزی پێشمەرگە 13 یەكەی ئیداری ئازاد كردوونە، كە ئەوانە پێشتر دەكەوتنە سنووری ماددەی 140، كە دەەبووایە ئەو ماددەیە لە ساڵی 2007 جێبەجێ كرابایە، بەڵام بە پێی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو شوێنانەی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئازادی كردوون، كوردستانینە و بە هیچ شێوەیەك هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەكشە ناكات.


گوتیشی: داعش كە ماوەی دوو ساڵ و چوار مانگ لە شارەدێی باشیك بوو، زۆربەی شوێنیان لە باشیكدا وێران كردووە، بەڵام لە ئێستادا كە پێشمەرگە ئازادی كردووەتەوە، فەرمانبەرانی فەرمانگەكان گەڕاونەتەوە دەوامی ئاسایی خۆیان، خەڵكیش چاوەڕوانی ئەوەیە كە ناوچەكە بەتەواوەتی لە پاشماوەی داعش پاك بكرێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.


روونیشی كردەوە، سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ باشیك و ئەو پەیامەی لەو شارەدا گرنگی خۆی هەبوو و، هیواو ئۆمێدێكی گەورەی خستە ناو دڵی خەڵكی ناوچەكە، هەروەها پەیامێك بوو بۆ داعش و بەغدا و هەموو ناحەزانی كورد و كوردستان، چونكە باشیك شارێكی پێكەوەژیانە و هەموو نەتەوە و پێكهاتە تێدا دەژین، بۆیە خەڵكی شارەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان پێشوازیان لەو پەیامە كرد و، هەروەها بۆ هەموو جیهان سەلمێنرا كە باشیك ناوچەیەكی دانەبڕاوە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەیەكی كوردستانیە و بە هیچ شێوەیەك هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ناكشێتەوە و جارێكی دیكە ڕادەستی دوژمنانی كورد ناكرێتەوە، هەر بۆیە هیوادارین هەرچی زووە باشیك ئاوەدان بكرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی.


سەیدۆ چەتۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، رۆژانە خەڵكێكی زۆر لە شاری مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان دەبن و لەو كەمپانە نیشتەجێ دەكرێن كە دروست كراون، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی هەرێم و دەزگای خێرخوازی بارزانی، هاوكاریەكی باشی ئەو ئاوارانە دەكەن و لە هیچ شتێك كێشەیان نییە".
HAWLER-
Top