لایەنە سیاسییەکانی كوردستان پشتگیری له‌ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ده‌كه‌ن

  لایەنە سیاسییەکانی كوردستان پشتگیری له‌ پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ده‌كه‌ن
په‌یامی به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌كات و ساتێكی گونجاودابوو، هه‌روه‌ها به‌ ده‌روازه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی ده‌زانین.


ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كه‌ به‌ باش و به‌رز ده‌نرخێنین و پێشوازی لێ ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها له‌ روانگای خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تیانه‌مان بۆ هه‌لومه‌رجی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی، چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی به‌ زه‌روری ده‌زانین بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پێویستیه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ بین و به‌رگه‌ی ته‌حه‌دیه‌كان بگرین و پیلانی دژ و دوژمنه‌كانمان پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌.


بۆیه‌ پشتیوانی پارتیمان بۆ په‌یامه‌كه‌ی به‌ڕێزیان ده‌رده‌بڕین و ئاماده‌یی ته‌واومان هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان تا له‌به‌ر رۆشنایی ناوه‌رۆكی په‌یامه‌كه‌ میكانیزمی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ریه‌كان دیاری بكه‌ین.
مه‌حمود محه‌مه‌د
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
21ی 11ی 2016




یەکگرتووی ئیسلامی: پەیامەكەی بەرێز كاك مەسعود بارزانی بە هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستی دەزانین
راگەیاندراوی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامەكەی بەرێز كاك مەسعود بارزانی لە 20/11/2016 سەبارەت بە قەیرانە سیاسیەكەی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستی دەزانین و هیوادارین ببێتە سەرەتایەك بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی پێویست بۆ كێشە و ئاڵۆزیەكانی هەرێم و هەنگاوی كردارەكی بەدوا دابێت .
هەر لەم سۆنگەیەوە داواكارین لە هەموولایەك بەتایبەتی پێنج لایەنە سیاسیەكە هەرچی زووترە گفتوگۆكانی نێوانیان دەست پێ بكەنەوە بۆ گەیشتن بە میكانیزم و چارەسەری گونجاو بۆ بەرێككردنی قۆناغەكە و رزگاكردنی هاوڵاتیانی كوردستان لەم نەهامەتی و خراپی باری گوزەرانەی كە پێوەی دەناڵێنین.
ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
21/11/2016




کۆمەڵ: پەیامەکەی کاک مەسعود بارزانی بکەینە دەروازەیەک بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان
بسم اللە الرحمن الرحیم
ئێمە وەکو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لەم ھەلومەرجە ئاڵۆز و پڕ لە تەنگەژەو قەیرانانە، پێمان باشە پەیامەکەی کاک مەسعود بارزانی بکەینە دەروازەیەک بۆ کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ بەدەمەوەچوونی ناڕەزایەتییەکانی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان و ڕزگاربوون لەم قەیرانە سیاسی و یاسایی و داراییەی کە ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، ئەگەر کۆبونەوەکان کرا، ئەوا ئێمە پێشنیارو قسەی خۆمان کە لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیانی کوردستانە، لە کۆبونەوەکاندا دەخەینەڕوو.
ئەنجومەنی سیاسیی
کۆمەڵی ئیســـلامیی کوردستان
٢١/١١/٢٠١٦




حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان: حزبەکان دەبێت وەڵامی داواکەی بارزانی بدەنەوە.
محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: پێشووتر بارزانی لە کۆبوونەوەی حزبەکاندا پێشنیاری کرد کە یەکێک دیاری بکەن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، من لە ئێستاوە هاوکاری دەکەم و یارمەتی دەدەم، ئێستاش لەم کاتەدا بەیاننامەی دەرکردووە و داوای کردووە کە کەسێک بۆ شوێنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت. ڕوونیشی کردەوە: ئێستا دۆخێکی مەترسیدار هەیە لە کوردستان و ناوچەکە هەتا کەسێک پێشوەختە دیاری نەکرێت بۆ ئەو پۆستە، ناکرێت ئەو شوێنە بە بۆشایی بمێنێتەوە، بۆیە داواکەی بارزانی بۆ حزبەکان وادەکات کە حزبەکان خۆیان کۆببنەوە و ئەو بڕیارە بدەن، بگەنە دەرئەنجامێک لەو بارەوە". محەمەدی حاجی مەحموود باسیشی لەوە کرد کە هێشتا حزبەکان کۆنەبوونەتەوە و بڕیاریش نییە کۆببنەوە، تا ئەو کاتە بزانرێت کەس پێی دەکرێت ئەو پۆستە بەڕێوە ببات؟ بۆیە ئێستا تۆپەکە لەبەردەم حزبەکانە. بە پێویستیشی زانی پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، دووپاتیشی کردەوە: ئەگەر حزبەکان ئیرادەیان هەبێت قەیرانەکان چارەسەر دەبێت.
HAWLER-
Top