وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: دەمانەوێ سود لە ئەزمونی ئەمریکا وەربگرین بۆ چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی بیری توندڕەوی

 وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: دەمانەوێ سود لە ئەزمونی ئەمریکا وەربگرین بۆ چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی بیری توندڕەوی
یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: لە ئێستادا چوار وەزارەت کار لەسەر بونیادنانی بیری میانڕەوی و ڕوبەڕوبونەوەی بیری توندڕەوی دەکەین، لەو چوارچێوەیەشدا هاوشێوەی ئەزمونی وڵاتە سەرکەوتوەکانی دیکە، وتی: پێویستی زۆریشمان بەئەزمونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە.


ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ (کێنگرۆس) کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان هات، کە ئەمڕۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (٢١/١١/٢٠١٦) لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو.


لەو دیدارەدا، کە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانی نێوانیان کرا.


لە سەرەتای دیدارەکەدا، وەفدی میوان سوپاسی جەنابی وەزیر کرد و پشتیوانی خۆی بۆ کارەکانی وەزارەت دوپات کردەوە کە سەرباری قەیرانی دارایی کاری زۆر باشتان لە بواری خوێندنی باڵا ئەنجامداوە بەتایبەت ڕیزبەندی نیشتیمانی زانکۆکانی کوردستان، کە ئەو پڕۆسەیە هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانی بواری خوێندنی باڵا و پێشخستنی وڵات.


لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران دوای ئەوەی بەخێرهێنانی وەفدی میوانی کرد داوای لە کونسڵی ئەمریکا کرد هاریکاری وەزارەت بکەن بۆ بەهێزکردنی تواناکانی زمانی ئینگلیزی، کە ئێستا سیاسەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەو بوارەدا هاندانی مامۆستایان و خوێندکاران بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەدا باس لە پڕۆگرامی هاوبەش کرا بۆ خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، هەروەک ئەوەش خرایەڕو کە ئێستا ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە بۆ ڕەوانەکردنی (٢٠٠) خوێندکار بۆ ویلایەت یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە ڕێگەی پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆ.
HAWLER -
Top