سلێمانی؛ قوتابیان دەچنە ئەو قوتابخانانەی دەوامیان لێ دەکرێ

سلێمانی؛ قوتابیان دەچنە ئەو قوتابخانانەی دەوامیان لێ دەکرێ
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، لایەنێكی سیاسی رێ نادات دەرگای قوتابخانەكانی سلێمانی بەڕووی قوتابیاندا بكرێتەوە و خوێندن ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، دەشڵێ: قوتابیانی ئەو قوتابخانانەی دەوام ناكەن خەریكن خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەو قوتابخانانەی دەوامیان دەستپێكردووە.



)مینا سامی ئاوەكەلەیی) بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند "مامۆستایان مافی خۆیانه‌ داوای مووچەی خۆیان دەكەن، بەڵام بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی خوێندن لە سنووری سلێمانی هیچ كاریگەری لەسەر حكوومەت نەبووە، بەڵكو كاریگەری بەسەر هاووڵاتیان و قوتابیان هەبووە.. بەداخەوە هەوڵەكانی ئەنجوومەن و لیژنەی پەروەردە بەشێوەیەكی ئەرێنی پێشوازی لێ نەكرا ئەوە لە ساڵی رابردوو، ئەمساڵیش داوام لە وەزیری پەروەردە كرد و هات بۆ سلێمانی و دوای كۆبوونەوەی بەڕێزیان لەگەڵ ئیدارە و لایەكاندا، پەروەردە دەستپێشخەری كرد لایەنەكان هاوكار بن بۆ دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەكان كه‌ لە ئەنجامدا دەرگای قوتابخانەكان كرانەوە. به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مساڵ لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو دەرگای قوتابخانەكانی داخست و رێ نادات دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئینتیمای سیاسیی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، چونكە هەندێ بەڕێوەبەر رێ نادەن مامۆستایان دەوامی خۆیان بكەن.''



)ئاوه‌كه‌ڵه‌یی) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ مامۆستایان پێیانخۆشە بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و دەست بە خوێندن بكرێت، لەبەر ئەوەی هەندێ هاوكاری دەكرێت لە رێگەی ئەو سندووقەی بۆیان دامەزراوە و هاوكاریی رێكخراوێكی بیانییش.



)مینا ئاوەكەلەیی)، دەیشڵێ، ئێستا لە هەندێ قوتابخانە دەوام دەكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەوام ناكرێت و ئەوانەشی دەوام دەكەن دەوامێكی ته‌واو دروست نییه‌، ''هیوادارین نەگاتە ئەوەی ساڵێكی خوێندن لەدەست قوتابیان بچێت.



به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، چونكه‌ قوتابیان پەرۆشن بۆ خوێندن، زۆرێكیان لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان بگوازنەوە ئەو قوتابخانانەی دەوامیان تێیدا دەكرێت، بەشێكیش لە مامۆستا و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیش زۆر هەوڵ دەدەن دەوام دەستپێبكاته‌وه‌، چونكە ئەگەر ساڵێكی خوێندن ئەژمار نەكرێت، ئه‌وه‌ تەنیا قوتابی و سلێمانییه‌ زەرەر دەكەن و لایەنی سیاسی زەرەرمەند نابێت.
PDK-
Top