ژمارەی ئاوارەکانی مووسڵ له ٨٥ ھەزار کەس تێپەڕی
لە راپۆرتێکی کۆمەڵەکەدا ھاتووە، دوای ئەوەی پێنج ھەفتە بەسەر ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ تێپەڕی، ژمارەی ئاوارەکانی شارەکە و ناوچەکانی دەورووبەری گەیشتووەتە ٨٥ ھەزارو ٢٩٣ کەس کە لە کامپی ئاوارەکانی، حەسەن شام و خازر لە ھەولێر، زێلکان لە دھۆک، جدعە لە گەیارە نیشتەجێکراون.
لە راپۆرتەکەدا کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە تەنھا لە دوو رۆژی رابردوودا، تیمەکانی کۆمەڵەی مانگی سوور لە کامپی حەسەن شام و خازر پێشوازیان لە ٣ ھەزارو ١٠٠ ئاوارەی شاری مووسڵ کردووە کە بەمەیش کۆی گشتی ژمارەی ئاوارەکان لەو دوو کامپەدا گەیشتووەتە ٣ ھەزار و ٦٧٥ کەس.
لە بەیاننامەکەدا روونکراوەتەوە کە بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییانی بۆ ئاوارەکانی مووسڵ، خۆبەخشانی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق ھەموو ھەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ.
لای خۆیەوە ئەندامی کۆمەڵەکە، ئەیاد رافد رایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا و لەگەڵ بەردەوامی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش، ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی لە مووسڵ ئاوارە بوون.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەیاد رافد گوتی: "تیمەکانی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی و تیمەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە ھەمانگی لەگەڵ ھێزەکانی ئەمنی، پێشوازیان کردووە لەو ھەزار کەس کە لە رۆژھەڵات و باکووری مووسڵ ئاوارە بوون.
رافد دەشڵێت: "بەھۆی بەردەوامی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش، ژمارەی ئاوارەکانیش لە بەرزبوونەوەی بەردەوام دایە و ئەوان پێویستیان بە ھاوکاری و یارمەتی مرۆیی زیاتر ھەیە بەتایبەتیش لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما".
payam ner -
