حکوومەت روونکردنەوە لەبارەی تۆمارکردنی مووچە خۆران دەدات
بەرپرسێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات مووچەخۆران و فەرمانبەران دەتوانن لە ھەر بانکێک بێت خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار بکەن، ئاشکراشی دەکات کە مووچەخۆرێک لە بانکێک تۆمار دەکرێت بۆ ئەوە نیە یەکەی حسابی بانکی لەو بانکە ھەبێت بەڵکو تەنھا بۆ تۆماکردنە.
ھیوا فەرزندە ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران بە باسی راگەیاند: لە ئێستادا کە تۆمارکردنی بایۆمەتری فەرمانبەران دەستی پێکردووە فەرمانبەران ئازادن لە چ بانکێک خۆیان تۆماردەکەن، بۆ نمونە ئەگەر فەرمانبەرێک فۆڕمەکەی لە زاخۆ وەرگرتبێت ئەوە دەتوانێت ناوی خۆی لە سلێمانی تۆماربکات، بەلای ئێمەوە گرنگ تۆماکردنی داتاکانە گرنگ شوێنەکە نیە.
پەنجەمۆر و تیشکی چاو لە ھەر مووچەخۆرێک وەردەگیرێت پرۆسەکەش فەرمانبەران ، خانەنشینان، شەھیدانە، مووچەی کاروباری کۆمەڵایەتی، دەگرێتەوە لە تۆمارەکە دەبێت ناسنامەی باری کەسی واتا ناسنامە نوێیەکە ناسراو بە فسفۆڕ ھەبێت لەگەڵ زانیاری فۆرمی مووچە.
ئاماژەی بەوەدا راستەوخۆ ئەو داتایانەی لە تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆران تۆماردەکرێت راستەوخۆ دەچێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، گوتی: تاوەکو ئێستا کە لەسەرەتای مانگەوە دەستی پێکردووە زیاتر لە ٣٠ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمارکراون و داتاکانیش لە لای ئێمەیە.
بڕیارە تۆمارکردنی فەرمانبەران لە ٧٦ بنکەی تۆمارکردنی ھەیە کە دابەشکراوە بۆ ٧٦ بانکی جۆراوجۆری حکوومی ، بەڵام ئەفەندی ئاشکراشیکرد لە ئێستادا نیوەی بانکەکان ئامێرەکانی تۆماکردنیان تێدا داندراوە و مووچەخۆران تۆمار دەکەن" تاوەکو کۆتایی ئەو مانگە نیوەی بانکەکانی تریش ئامێری تۆماکردنیان بۆ دادەندرێت و ھەموو بانکەکان تۆماری مووچەخۆران دەکەن و خەڵکیش ئازادە لە چ بانکێک خۆی تۆمار دەکات ئەوە کارێکە دەوەستێتە سەر مووچەخۆران خۆیان.
بۆتۆماری ھەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک ٣ دەقیقە بۆ ٤ دەقیقە و نیو دیاریکراوە
payamner-
