ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز کرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی "قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازکرد.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا ڕابەر سەدیق بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە خستەڕوو و تیایدا باسی لە بەردەوامیی پرۆسەکە کرد بە مەبەستی تەواوکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێپتەمبەر کە لە وەزارتی کاروباری پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستی پێکردووە.
دواتر کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە بە وەکالەت، پوختەیەکی دەربارەی ڕەوشی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و بەرەکانی جەنگی دژی تیرۆرستانی داعش و بارودۆخی پێشمەرگە لەو سەنگەرانەی کە لە دەوروبەری مووسڵ تێیدان و دوا پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی مووسڵ لە دەستی تیرۆرستانی داعش پێشکەش کرد. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران سەرکەوتن و قارەمانێتییەکانی پێشمەرگەی لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی تیرۆرستانی داعشدا بەگشتی، بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە ھەنگاوەکانی کاری کۆمپانیای وردبینی دیلۆیت کرا بۆ وربینیکردنی پرۆسەی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردن و داھاتی فرۆشی نەوتی ھەرێمی کوردستان و گشت خەرجییەکانی ئەم بوارە کرد کە لە ھەفتەی ڕابردوو یەکەم کاری وربینیان پێ ڕاسپێردرا و دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا خاتوو پەخشان زەنگەنە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە ھەرێمی کوردستان میوانداری کرا بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک دەربارەی پرۆژەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان لە ٢٠١٦ تا ٢٠٢٦ کە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرابوو و بە ھەماھەنگیی دامەزراوەی یەکسانی ڕەگەزی و بەھێزکردنی توانای ئافرەتانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادەکرابوو، تیایدا بە وردی تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئافرەتان لە ھەرێمی کوردستان و پلان و ستراتیژی داھاتوویان و ئامانجی ستراتیژیەکەیان کە خۆی لە بەرزکردنەوی توانای ئافرەتان و سود وەرگرتن لە توانای ژن و یەکسانی نێوان ھەردوو ڕەگەزی نێر و مێ دەبینێتەوە. داوای لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کرد کە پاڵپشتیان بن لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەکەیان کە سودی باشی بۆ ئافرەت و کۆمەڵگەی ھەرێمی کوردستان بەگشتی دەبێت.
دوای ئەوەی وەزیرەکان چەند سەرنج و تێبینییەکیان لەسەر ستراتیژەکە پێشکەش کرد، ئەنجومەنی وەزیران دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و گشت وەزارەتە پەیوەندیارەکان کرد کە ھاوکاربوون بۆ ئامادەکردنی ئەم ستراتیژییە. لای خۆشیەوە سەرۆک وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ ئەم ستراتیژیە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ھەوڵی جددی دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئافرەتان و جێبەجێکردنی پرۆژەکانیان، ھەروەھا داوای لە ھەموو وەزارەتەکانیش کرد پاڵپشتی ئەو ستراتیژییە بکەن بۆئەوەی ڕووێکی جوانتری کۆمەڵگەی کوردستان دەربارەی ئافرەت، پیشانی جیھان بدەن.
payamner-
