سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی فرەنسا دەکات
ئێوارەی ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی پیرانی فرەنسا بە سەرۆکایەتی بەڕێز بێرنارد کازوا ئەندامی ئەنجوومەنەکە کرد.
لە دیدارێکدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی ھەرێمی کوردستان و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کراوە، دەربڕی و ھەوڵ و ھەنگاوەکانی خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و پاراستنی ھەموو پێکھاتەکان و پێشوازیکردن لە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر، بەرز نرخاند. باسیان لەوەش کرد کە ھەرێمی کوردستان توانیویەتی ئەو پرەنسیپە ھاوبەشانەی کە لە نێوان ھەرێم و جیھانی ئازاددا ھەن کە خۆی لە بەھا مرۆییەکان دەبینێتەوە، زۆر بەباشی بپارێزێت.
خۆشحاڵیی خۆشیان بە ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدرال بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ دەربڕی و ھیوایان خواست ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ڕێگەی لێکگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن، ھەروەھا پشتگیریی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێگەی دیموکراسی و ئاشتیانە نیشان دا.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و ھاوکارییەکانی فرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە بوارەکانی سەربازی و مرۆییدا و سەردانی بەڕێز فرانسوا ئۆلاند سەرکۆماری فرەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای ھێرشەکانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر ھەرێم، بە پشتگیرییەکی باشی بۆ خەڵک و پێشمەرگەی کوردستان لە قەڵەمدا. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو سەرکەوتن و بەرگرییەی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستانی داعش کردوویەتی، پاراستنی بەھاکا مرۆیی و ئازادییەکانە، چونکە تیرۆرستانی داعش دژی ھەموو جیھانن بۆیە پێویستە ھەوڵ بدرێت بە یەکجاری لەناو ببرێن و بنبڕ بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکرنەوەی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادکردنی کرد و بەپێویستی زانی سیاسەتێکی ھەمەلایەنە بۆ بنبڕکردنی ھزری داعش لە عێراق و ناوچەکەدا ھەبێت. ئاشکراشیکرد کە ھەولێر ھەمیشە ئامادەبووە سەرجەم کێشە ھەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکات و لە داھاتووشدا گفتوگۆکان چڕتر بکاتەوە بۆئەوەی ئاسایش لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت بەشێوەیەک بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد تێیدا پارێزراو بن.
ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا دەربارەی دوا پێشھاتەکانی ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و چەند بابەتێکی پەیوەندیدار، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
payamner-
