لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی ھەرێم و وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵیان تاوتوێ کرد
ئێوارەی ئەمڕۆ "ئاشتن کارتەر" وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە "مەسعود بارزانی" سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری بەرگریی ئەمەریکا خۆشحاڵی و پیرۆزبایی خۆی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند بەبۆنەی سەرکەوتنەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەرەکانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. ھەروەھا پێزانینیشی بۆ ئاستی باشی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق ھەبوو لە شەڕی تیرۆریستاندا.
ھەر لەم پەیوەندییەدا ھەردوولا جەختیان لە بایەخ و گرنگیی بەردەوامیی ھەماھەنگی نێوان ھاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق بە تایبەت لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی سوپای عێراق کردەوە.
لە بەشێکی تری ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی ئازادکردنی موسڵ و دەرووبەری ئاڵۆگۆڕ کرد و قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ھەتا ئێستا بە سەرکەوتوو وەسفکرا.
ھەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەت و سوپای ئەمەریکای کرد کە لە شەڕی تیرۆردا پشتیوانی پێشمەرگە بوونە و ھیوای سەرکەوتنی یەکجارەکی لە بەرانبەر تیرۆریستان خواست.
payamner-
