هەڵگورد جوندیانی: بارزانی پێشنیارێکی مێژوویی خستووەتە بەردەم لایەنە سیاسییەکان
ھەڵگورد جندیانی، نووسەر و ڕۆشنبیر، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، لەبارەی پەیامەکەی بارزانی، نووسیویەتی: "دوای تێپەربوونی کومەڵگەی کوردستان، بە بارێکی عەسکەری، سیاسی و ئابووریی زۆر تایبەتیدا، لە کۆتاییدا بارزانی پێشنیارێکی مێژوویی خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکان و بەردەم کومەڵگَەی کوردستان کە بە ڕای کەسانی دڵسۆز، وەکو (حیکمەتی ئەخیر) لە قەڵەم دەدرێت، بەتایبەتیش کە ھەموو ھەوڵ و کۆششە ناوخۆیی و دەرەکییەکان نەیانتوانی کوتایی بەم بارە چەقبەستووە بھێنن و بەردەوامی ئەم بارەش پێشبینی خراپی لێ ڕەچاو دەکرێت".
جوندیانی، ئەوەشی خستوەتەڕوو: "جێگای داخە، تاکو ئێستا ئەم پێشنیارە لەلای زۆریک لە ئێمە بە گومان و ترس و نیگەرانییەوە تەماشا دەکریت، لێکدانەوەی ھەمەجۆری بۆ دەکرێت، کە ئەفسوس زورێک لەو لێکدانەوانە دەکەوێتە چوارچێوەی حووکمدانی پێشوەختە و لیکدانەوەی باو (نمگی) کە پڕن لە گومان، ترس و زۆرێک لە قسەی نابەجێ و تومەت بەخشینەوەشی بەدواداھاتووە، بۆیە ھەق وایە لایەنە سیاسییەکان، لەگەلیشیاندا توێژیکی فراوان لە ھاونیشتمانیانی کوردستان، ئەم پێشنیارانەی بارزانی، وەکو خۆی و بەسینگێکی فراوان و عەقلیەتێکی کراوە وەربگرن، لە بری ئەو ھەموو ترس و گومانە ھەنگاوێک بێنە پێشەوەو ھەموو لایەک بەیەکەوە لەسەر یەک مێزدا کاربکەن بۆ (دەرچوونێکی شەرەفمەندانە) لەم قەیرانەدا کەبەرژەوەندی گشتی وڵات بپارێزێت و بەرژەوەندی گشت لایەنە سیاسییەکانیش بەھۆیەوە ڕەچاوبکریت، بەتایبەتیش لەپێشنیارەکەدا بەڕوونی باس لەو تێز و داواکاریاینە کراوە، کە داواکاری بەشێک لەھاوولاتیان و لایەنە سیاسییەکانیشیانە".
ئەو نووسەرە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: "لە مێژووی دوور و نزیکی کوردستاندا، زۆر جاران میللەتەکەمان بەمشێوەیە تووشی پەڕاگەندەیی و پەرتەوازەبوون ھاتووە، بەڵام لە کۆتایی تەنگژە مەزنەکاندا ھەمیشە (حیکمەتی ئەخیر) ھاتووەتە پێشەوە و میللەتی بەرەو کەنارێکی ئارام بردووە، ھیوادارم ھەموو لایەک چ لایەنە سیاسییەکان چ شەقام و خەلک و ھاووڵاتیان و لەگەلیشیاندا خاوەن بیر و قەڵەمە ڕۆشنەکان، حەکیمانە چاویلکەی ڕق و کینە و ناشرینکردنی یەکتری فرێ بدەن و بەڕوونی چاو بخەنە سەر ئەو ئاسۆ گەشەی کە لەتەبایی و سازان و یەکبووندا دێتەکایەوە و ھەموومان بەیەکەوە تیایدا دەبین بە قەلغان و سوپەر بۆ پاراستن و پێشخستنی کوردستان و ھانیشتمانیانی".
هەڵگورد جوندیانی، جەخت لەوەش دەکاتەوە: "ئەوە سەرەتایەکە بۆ چارەسەری، بەپێچەوانەشەوە بە نەبوونی دەرچەیەکی ڕوون و واقعی، دوور نییە میللەتەکەمان لەم ھەڵومەرجە تایبەتەی ئێستای جیھان و ناوچەکەدا زیانلێکەوتوو و مایەپووچ بێت".
باسنيوز
