کۆسرەت ڕەسول: خۆم و هەڤاڵەکانم پشتیوانی لە پەیامەکەی بارزانی دەکەین
لە ڕاگەیاندراوێکدا ، کۆسرەت ڕەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ئاماژەی داوە کە بەناوی خۆی و هەڤاڵەکانیەوە پشتیوانی لەو هەنگاوە دەکات و بە هەموو توانا هەوڵ دەدەن، بە ئەنجامەکانی خۆی بگات.
هاوکات داوای لە "تێکۆشەرانی یەکێتی" کردووە، بەهەموو توانا، پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و ئابووری لە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بکەن و ببنە هێزیکی هۆشیار و دڵسۆز بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
پەیامێک لە کۆسرەت رەسول عەلی-یەوە
لەم ھەلومەرجە سەختەدا کە ھەرێمی کوردستان دووچاری بارێکی دژواری سیاسی و ئابووری ھاتووە، رووبەڕووی مەترسی سەخت و ئەگەری جیاجیا بۆتەوە. لەم ھەلومەرجەدا کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گرفتی ژیان و گوزەرانیان رۆژ بەرۆژ ناخۆشتر ئەبێت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و حزبەکانیشی نەیانتوانیوە لەسەر پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و بەرژوەندییە باڵاکانی ھاوکاری یەکتر بکەن.
دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی لەرووی ئەو ھەلومەرجەدا و لەرووی ئەرکە گەورەکانی کورد و کوردستاندا بایەخێکی گەورەی ھەیە، و دەروازەیەکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەکاتەوە، کە ئەگەر ھوشیارانەو دڵسۆزانە جێبەجێ بکرێ ئەتوانێ ھەنگاوی باش بۆ چارەسەرکردنی باری ئابووری و ژیانی خەڵک بنێت. بۆیە:
١- بەناوی خۆم و ھەڤاڵەکانمانەوە پشتیوانی لەو ھەنگاوە دەکەم و بە ھەموو توانا ھەوڵ دەدەین بە ئەنجامەکانی خۆی بگات.
٢- داوا لە ھەموو تێکۆشەرەکانی "ی.ن.ک" دەکەم کە بەھەموو توانا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی و ئابووری لە دەستپێشخەرییەکەی بارزانی بکەن و ببنە ھێزێکی ھوشیار و دڵسۆز بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان.
٣- ھیوادارم ھەموو حزب و لایەنەکان بەگیانی لەخۆبووردن و ھەست کردن بە لێپرسراوێتی مێژووییەوە ھاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییە بکرێ بە ھەنگاوی بەکار بۆ دەربازبوونی گەلەکەمان و ھەرێمی کوردستان لەو قەیرانە ترسناکەی، کە ھەموو لایەنێکی ژیانی خەڵکی کوردستانی گرتۆتەوە.
کۆسرەت رەسول عەلی
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
22\11\
باسنیوز
