پارێزگای سلێمانی باخ و ڤێلا سەرپێچییەکانی سەر موڵکی گشتی تاپۆ دەکا
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، ئێستا پارێزگای سلێمانی دەستی بە تۆمارکردنی ئەو باخ و ڤێلایانە کردووە کە لە سنووری پارێزگاکە بەشێوەی نایاسایی لەسەر موڵکی گشتی و زەوی کشتوکاڵی دروست کراون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا کە داھاتی سلێمانی ماوەی دوو ساڵە بۆ ھەولێر ناگەڕێتەوە و بە گوتەی پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، مانگانە لە ٤٠ ملیۆن تا ٧٠ ملیۆن دۆلار دەبێ، بەرپرسانی ئەو پارێزگایە دەیانەوێ لەم ماوەیەدا ئەو باخ و ڤێلایانە بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک لەسەر ئەو کەسانە تاپۆ بکەن کە لەسەر موڵکی گشتی دروستیان کردوون.
رێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان رای گەیاند، ئەو بڕیارە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دراوە کە ئەو باخ و خانووە زیادەڕۆیانەی لەسەر موڵکی گشتی دروست کراون تاپۆ بکرێن، گوتی: "لە لایەک داھاتێک بۆ حکوومەت دەستەبەر دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە دەبێتە ھۆی ئەوەی ھاووڵاتییان زەرەر نەکەن لەو خەرجییانەی لەسەر ئەو زەوییانە کردوویانە“.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راشی گەیاند، ئێستا ھەموو شوێنەکان دیاری کراون و تۆمار کراون، گوتی: "ھەر شارەوانییەکی پەیوەندار و ناحیەیەک تۆماری تەواوی ئەو زیادەڕۆیانەی لەلایە، تەنانەت ھەندێ ناحیە کە نەخشەشیان نییە، ئەو زیادەرۆییانەیان تۆمار کردووە کە لەسەر زەوییەکانی ئەو شوێنە کراون".
راشی گەیاند، بڕیارەکە بۆ زیادەڕۆیی ھەموو گوند و ناحیە و گەڕەکەکانی پارێزگای سلێمانییە، لەو دۆخەدا ئەوا ڤێلا و باخەکانی سیتەک و شوێنەکانی دیکەش دەگرێتەوە، گوتی: "ئێستا ئەو شوێنانە بەشێوەی فەرمی کارەبایان پێ دراوە، ئەوەش خۆی وا دەکات کە سنوورەکانیان دیاری بکرێت و شەرعییەتیان پێ بدرێ".
لەبارەی بڕی ئەو پارەیەش کە لەبەرامبەر بە تاپۆکردنیان لێیان وەردەگیرێ، رێبوار ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا، ئەوە بەڕێوبەرایەتیی پەیوەندیدار نرخەکانیان بۆ دیاری دەکات و تا ئێستا دیاری نەکراوە.
بەڵام رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رای گەیاند، ئەو بڕیارە بۆ پارێزگای ھەولێر نییە، گوتی: "بابەتی تاپۆکردن رێسا و یاسای خۆی ھەیە، لە دۆخێکدا ئەگەر حکوومەت زانی ئەنجامدانی ئەو کارە لە بەرژەوەندیی گشتییە، ئەوە رەنگە کارێکی خراپ نەبێت، بەڵام دەبێ لایەنی پەیوەندیداری وەکو شارەوانی، تاپۆ، ژینگە و شوێنەوار، بڕیاری لەبارەوە بدەن، ھەندێ شوێن ھەیە شوێنەوارە و سەرپێچیی کراوەتە سەر، چۆن دەبێت ئەو شوێنانە تاپۆ بکرێن؟ لەبەرئەوە دەبێ ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە ھەموویان رای خۆیان بدەن، ئەگەر ھەموویان پێیان وابوو ئەوە لە بەرژەوەندیی گشتیدایە، ئەوا ئاساییە، بەڵام ئەو پرسە پێویستی بە دیراسەکردن ھەیە".
جەختی لەوەش کردەوە، ئەو بڕیارە نابێ ھەڕەمەکی بدرێ، گوتی: "موڵک ھەیە داگیر کراوە، چۆن دەکرێت لەسەر داگیرکەرەکە تاپۆ بکرێت؟".
بەڵام، ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، بڕیارەکە تەنیا پێدانی کارەبایە بە شێوەی فەرمی بۆیان، نەک تاپۆکردنی خانوو و ڤێلاکان، گوتی: "ئەوەندەی لەبەر دەستی مندا بێت، بڕیارەکە ئەوە نییە ئەو خانوو و ڤێلایانە تاپۆ بکرێن، بەڵام بڕیار دراوە بەشێوەی فەرمی کارەبای نیشتمانییان پێ بدرێ، تا حکوومەت لەبەرامبەر بڕی بەکارھاتووی کارەبای نیشتمانی بتوانێ پارەیان لێ وەربگرێ".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە، پرسێکی وەھا پێویستی بە قسەکردنی ئەنجومەنی پارێزگا و بڕیار لێدانیەتی، گوتی: "ئەو بابەتە ئەگەر بڕیاری لەبارەوە بدرێ، دەبێت بێتە ئەنجومەن و موناقەشە بکرێ و دەنگی پێویستی لەسەر بدرێ، ھێندەی ئاگادار بم ئەوە نەکراوە، تەنیا بڕیار ھەیە کارەبایان بە شێوەی فەرمی پێ بدرێ".
باسنيوز
