ھەردوو باڵەکەی یەکێتی لە گۆڕان نیگەرانن

 ھەردوو باڵەکەی یەکێتی لە گۆڕان نیگەرانن
بەپێی رێککەوتنێک کە لەنێوان گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامییەکان، لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە سلێمانی بڕیاری لەبارەوە دراوە، بەشێوەیەک ھیچ لایەنێکیان موزایەدە بەسەر ئەوەی دیکەدا نەکەن و ھەمووان کۆتایی بە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بھێنن، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان پێەوانەی ئەو رێککەوتنە جوڵاوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رێککەوتنی چوار لایەنی سیاسیی کوردستان (یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی) لە سلێمانی ئاشکرای کرد، ئەو لایەنانە لەپێش ھەینیی ھەفتەی رابردووەوە لە سلێمانی کۆ بوونەتەوە و لەسەر ئەوە رێک کەوتوون کە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بھێنن و بڕیار بدەن دەوامی فەرمیی خوێندن لەو سنوورە بۆ قوتابخانەکان دەست پێ بکاتەوە، بەڵام دواتر گۆڕان لەو رێککەوتنەی پەشیمان بووەتەوە و بە پێچەوانەی ئەوە لە رێگەی میدیا فەرمییەکانی و ھەڵسوڕاوەکانیدا ھەوڵی فراوانکردنی زیاتری داوە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، ھەر ئەوە ھۆکاری تووڕەبوونی یەکێتی و ھەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان بووە و لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە چەند رێکخەر و سەرپەرشتیارێکی خۆپیشاندانەکانی دەستگیر کردوون و ھۆشداریی توندیشی پێ داون لە ئەگەری بڕیاری دواخستنی خوێندن لە سنووری ئەو پارێزگایە ئەوان رووبەڕووی دادگا و بەرپرسیاریەتییەکەی دەکرێنەوە.

سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئیسلامییەکانیش لەبەرامبەر بەو پێشێلکردنەی گۆڕان نیگەرانیی خۆیان بە بەرپرسانی یەکێتی گەیاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵی ئەوەیان نەداوە کادیر و ئەندامانیان واز لە بایکۆت و خۆپیشاندان بھێنن.

ناسح عبدولڕەحیم، چالاکوانی ناسراوی خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات لە سلێمانی رای گەیاند، لە ھەموو دونیا حزبێک دێت خۆپیشاندان ڕێک دەخات و خۆی دەکاتە خاوەنی ھوتاف و بەرنامە و پڕۆژەی خۆی ئیعلان دەکات و داوا لە خەڵک دەکات پشتیوانیی بکەن، بەڵام لە کوردستان حزب خۆی لێی دانیشتووە و چاوەڕوانە ھاووڵاتییان خۆپیشاندان ڕێک بخەن و ئەوانیش سواری شەپۆلەکە ببن و حازرخۆرییانە بەرھەمەکەی بۆ خۆیان بچننەوە، گوتیشی: "بۆ ھەر چالاکییەک ھێندەی خەممان بڕینی دەستی حزب و مشەخۆری بووە لەوەی ناڕەزایەتی و چالاکییەکانمان بۆ مەرامی خۆیان بەکار نەھێنن، ھێندە خەمی زەبروزەنگی دەسەڵاتمان نەبووە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی چەند کەسێکی پۆست پەرست و ئیمتیازی، بە بەردەوامی ھەوڵی بەحزبی کردن و خستنە خزمەتی خۆی کردووە".

جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ھەر کاتێک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی مەدەنییانە و خۆڕسکی خەڵکی ھاتووەتە ئارا، گۆڕان یان لەپشتەوە خەنجەری لێ داوە و تێکی داوە یان بە سیاسیی کردووە و بۆ مەرامی شەخسی و حزبیی خۆی بەکاری ھێناوە.

ئەو چالاکوانە نموونەشی بە خۆپیشاندانی ١٧ی شوبات، خۆپیشاندانی مانگی ١٠ی پارساڵ و بایکۆت و خۆپیشاندانەکانی ئەم ساڵ ھێنایەوە کە گۆڕان سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەکان بووە.

لای خۆشیەوە، رۆژی ٩-١١-٢٠١٦ ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ سایتی تۆڕی ھەواڵی سلێمانی ڕای گەیاندووە، چوار لایەنەکە (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی) ماوەی چەند ڕۆژێکە بەردەوام لە گفتوگۆ و کۆبوونەوەدان بۆ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵک و کۆتاییھێنان بە بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن.

ئاماژەی بەوەش داوە، ھەرچەندە بۆچوونی جیاواز لەبارەی شکاندنی بایکۆت ھەبووە، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندیی خوێندکاران و بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندنیان بەفیڕۆ نەچێت، بڕیار درا دەرگای خوێندنگەکان بکرێتەوە.

ھەمان رۆژ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە پشکی گۆڕان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی، شکاندنی بایکۆتی مامۆستایانی راگەیاند و رۆژی شەممەی ھەفتەی رابردووشی بە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی خوێندن دیاری کرد.

بەرپرسەکەی گۆڕان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە، کە لە پشکی ئەوانە و کەسی یەکەمی پرۆسەکەیە لە شاری سلێمانی، لەگەڵ شکاندنی بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنە و داواشی کردووە ئەوانەی بەردەوامی بە بایکۆت دەدەن، بەرپرسیارێتی فەوتانی خوێندنی منداڵانیان دەکەوێتە ئەستۆ.

بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکە، دواتر سەرکردە باڵاکانی گۆڕان بڕیاری دیکەیان بۆ بەردەوامیی خۆپیشاندانەکە ھەبووە و دروشمی سیاسییان لە رێگەی ھەڵسوڕاوەکانیانەوە خستووەتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە.

شۆڕش حاجی، وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، ھەندێ خەڵک دەیانەوێ کەی خراپ بوو بەسەر ئەوانیدا بھێنن و کەی باش بوو بڵێن ئەوانی تیا نین، گوتی: "ئێمە نەمان شاردووەتەوە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی لە داخوازی و ناڕەزایەتیی خەڵک و مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین و لەگەڵ ھەموو ئەو شێوازە مەدەنیانەداین کە خۆی لەو خۆپیشاندانە مەدەنییانە دەبینێتەوە، وەکو پشتیوان پشتیوانین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمەی تیاین، ئەوان خۆیان دەیکەن، ئێمەش پشتیوانیانین".

لای خۆشیانەوە دلێر ماوەتی، پەرلەمانتاری یەکێتی رای گەیاند، دۆخەکە قەیرانە و کێشە ھەیە و خەڵکەکە داوای مافی خۆی دەکات، بەڵام لەبەرامبەر بەوەش حەق وایە بیر لە خوێندنی خوێندکارانیش بکرێتەوە، گوتیشی: "مادام پەیامەکە گەیشتووە، باشتر وایە بیر لە دۆخی قوتابییان و ناوچەکە و ئەو سیناریۆیانەش بکرێتەوە کە وڵاتانی دژ بە ھەرێمی کوردستان دای دەڕێژن".












باسنيوز
Top