کوردانی ئێزدی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن بە دەنگ بانگەوازەکەی بارزانییەوە بچن
شەمۆ قاسم، بەرپرسی لێژنەی ڕۆشنبیری لە دەستەی باڵای بنکەی (لالش)ی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی، ڕایگەیاند: ”چەندە ئارامی و پێکەوەژیان و لێبووردەیی بەهێزتر بێت، کوردانی ئێزدی هەست بە بەختەوەریی زیاتر دەکەن“. گوتیشی: ”بارزانی خۆی لە مافی پێڕەوانی هەموو ئایینەکان بە خاوەن کردووە“.
شەمۆ داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بە دەنگ پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بچن. گوتیشی: ”هەر لایەنێک بەدەنگ ئەو پەیامەوە نەچێت، لە پاشەڕۆژی کورددا شوێنی نابێت“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە، گوتیشی: ”پاشەڕۆژی گەلی کورد لە دەست ئەو لایەنە سیاسییانەیە، هەر لایەنێک لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداری نەکات، ئەوا کارێکی مەترسیدار دەکات“.
باسنیوز
