ئەڵمانیا دەزگایەکی تەندروستی بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە

ئەڵمانیا دەزگایەکی تەندروستی بۆ پێشمەرگە دەکاتەوە
حکوومەتی ئەڵمانیا دەزگایەکی تەندروستی بۆ ێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری هەولێر دەکاتەوە.

لیوا سالار محەمەد، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بە کەناڵی (کوردستان 24)ـی راگەیاندووە، کە هاوکارییەکەی ئەمجارەی ئەڵمانیا بریتییە لە کۆگایەکی گەورەی دەرمان بۆ پێشمەرگە و لە بارەگای میرەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

کۆگایەکە لە چەندین ژووری ساردکەرەوە و هەڵگرتنی دەرمان و پێداویستیی تەندروستیی پێک دێت و لەم کۆگایەوە دەرمان بۆ بنکە تەندروستییە سەربازییەکانی پێشمەرگە دابین دەکرێت.

لیوا سالار محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کە داوایان لە حکوومەتی ئەڵمانیا کردووە نەخۆشخانەیەکی سەربازیی بۆ پێشمەرگە بکاتەوە.

لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، ئەڵمانیا هاوشێوەی وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، هەنگاریا، بەریتانیا و ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەوروپی، بە ناردنی چەک و جبەخانەی سەربازیی و مەشقکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە، بە تایبەت ناردنی چەکی میلان، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.












باسنيوز
Top