پارێزگارێکی نوێ بۆ سلێمانی دەستنیشان دەکرێت
رۆژی سێشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2016، سەردار قادر، پارێزگاری نوێی سلێمانی لە بری ئاسۆ فەرەیدوونی پارێزگاری پێشوو دەستبەکاربوو و دەستی بە کارەکانی کرد.
سەردار قادر ڕایگەیاند، لە رۆژی سێشەممەوە وەکو پارێزگاری سلێمانی ”لە بری ئاسۆ فەرەیدوون, کە ماوەی دوو ساڵ پارێزگاری ئەم سلێمانی بوو، دەستبەکاربووم“ و واژۆ لەسەر مامەڵە یاساییەکانی هاووڵاتییان دەکات.
پارێزگاری نوێی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، کە ھەموو دەسەڵاتێکی پارێزگاری سلێمانی ”لەسەر شانی منە و بێگومان ھەوڵەکانی خۆم دەخەمە گەڕ بۆئەوەی بتوانم ھەماھەنگی لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەم تاوەکو بتوانین قەیرانەکانی شاری سلێمانی چارەسەر بکەین, بەتایبەتی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەران“.
سەردار قادر هەروەها رایگەیاند، کە ھەماھەنگی لەگەڵ لیستە جیاوازەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات ”بۆ ئەوەی ھەموومان کاربکەین و کۆتایی بە کێشە ئیدارییەکانی ئەم شارە بهێنین“.
بەهۆی ناکۆکیی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، زیاتر لە سێ مانگە پارێزگای سلێمانی بێ پارێزگار بوو.
باسنیوز
