حکوومەت روونکردنەوە لەبارەی تۆمارکردنی مووچەخۆران دەدات
ھیوا فەرزندە ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لە ئەنجومەنی وەزیران راگەیاند، ئێستا کە تۆمارکردنی بایۆمەتریی فەرمانبەران دەستی پێ کردووە، فەرمانبەران ئازادن لە چ بانکێک خۆیان تۆمار دەکەن، گوتی: "یەکەی ژمێریاری فۆڕم بۆ فەرمانبەر دروست دەکات، فەرمانبەر ئازادە لە چ بانکێک خۆی تۆمار دەکات، بۆ نموونە ئەگەر فەرمانبەرێک فۆڕمەکەی لە زاخۆ وەرگرتبێت ئەوا دەتوانێت ناوی خۆی لە سلێمانی تۆمار بکات، بە لای ئێمەوە گرنگ تۆماکردنی داتاکانە، گرنگ شوێنەکە نییە".
پەنجەمۆر و تیشکی چاو لە ھەر مووچەخۆرێک وەردەگیرێت، پرۆسەکەش فەرمانبەران، خانەنشینان، شەھیدانە، مووچەی کاروباری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، لە تۆمارەکەدا دەبێت ناسنامەی باری کەسی، واتا ناسنامە نوێیەکەی ناسراو بە فسفۆڕ ھەبێت، لەگەڵ زانیاریی فۆرمی مووچە.
ئاماژەی بەوەش دا، راستەوخۆ ئەو داتایانەی لە تۆماری بایۆمەتریی مووچەخۆران تۆمار دەکرێن، راستەوخۆ دەچێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، گوتی: "تا ئێستا کە لەسەرەتای مانگەوە دەستی پێکردووە، زیاتر لە ٣٠ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمار کراون و داتاکانیش لە لای ئێمەیە".
بڕیارە تۆمارکردنی فەرمانبەران کە ٧٦ بنکەی تۆمارکردنی ھەیە دابەش کراوە بۆ ٧٦ بانکی جۆراوجۆری حکوومی، بەڵام ئەفەندی ئاشکراشی کرد ئێستا نیوەی بانکەکان ئامێرەکانی تۆماکردنیان تێدا داندراوە و مووچەخۆران تۆمار دەکەن: "تا کۆتایی ئەم مانگە نیوەی بانکەکانی تریش ئامێری تۆماکردنیان بۆ دادەندرێت و ھەموو بانکەکان تۆماری مووچەخۆران دەکەن و خەڵکیش ئازادە لە چ بانکێک خۆی تۆمار دەکات".
بۆ تۆماری ھەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک ٣ دەقیقە بۆ ٤ دەقیقە و نیو دیارکراوە.
جەختی کردەوە، بەشێوەیەک بانکەکان دابەش کراون لە ھەر ناوچەیەک ٤ ھەزار فەرمانبەر ھەبێت ئەوا بانکێکیان بۆ داندراوە، ئەو شوێنانەی ٢٠٠ فەرمانبەری تێدا بێت بانکی لێ دانەندراوە و دەتوانن بڕۆنە بانکێکی تر، گوتیشی: "فەرمانەبەران و مووچەخۆرانی گوندەکان و دەرەوەی شار دەتوانن لە بانکی قەزاکان خۆیان تۆمار بکەن".
لە ٣ی ٢ی ٢٠١٦ بە بڕیاری ژمارە ٧١ی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری راسپێردراوە وەکو لایەنی جێبەجێکاری تەکنیکی، بۆ پرۆژەی تۆماری بایۆمەتریی سەرجەم مووچەخۆران.
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری جەختی کردەوە، لە کاتێکدا نیوەی ئامێرەکانیان دانەناوە، بەڵام رۆژانە ٦ بۆ ٧ ھەزار مووچەخۆر تۆمار دەکەن، گوتیشی: "بەپێی لێکدانەوەی خۆمان، دەتوانین لە ماوەی ٣ مانگدا یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار مووچەخۆری ھەرێمی کوردستان تۆمار بکەین، دوای ئەوە ئێمە بۆمان ھەیە لیستی مووچە بدەینەوە بە فەرمانگەکان کە کێ بۆی ھەیە مووچە وەربگرێت یان وەرنەگرێت".
ھیوا ئەفەندی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە تا تۆماری فەرمانبەران تەواو نەکرێت مووچە لە ساڵی ٢٠١٧ دابەش ناکرێت، گوتیشی: "شتی لەم جۆرە لە ئارادا نییە، پرۆسەی کۆنی مووچە دابەشکردن وەکو خۆی بەردەوام دەبێت تا داتاکانی ئێمە دەگاتە ئەو قۆناخەی کەوا ئێمە لیستەکانی مووچە ئامادە دەکەین و دەیدەینە وەزارەتی دارایی".
ڕوونی کردەوە، کاتێک فەرمانبەرێک یان مووچەخۆرێک لە بانکێک تۆمار دەکرێت بۆ ئەوە نییە یەکەی حسابیی بانکی لەو بانکە بێت: "ئەو بانکانە تەنیا بۆ تۆمارکردنن، دەمانتوانی قوتابخانەکان ھەڵبژێرین بۆ تۆماکردن، بەڵام بانکەکان ئامادە بوون بۆیە ئەو کارەمان کردووە، بۆیە ئەو بابەتە ھیچ پێوەندیی بەوە نییە کە یەکەی ژمێریاری بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆران لە بانکەکان بکرێتەوە".
باسنیوز
