کاتی بەپیروەچوونی پەیامی بارزانییە.. درێژەدانی ئەم رەوشە لە بەرژەوەندیی نەیارانی کوردستانه‌

 کاتی بەپیروەچوونی پەیامی بارزانییە.. درێژەدانی ئەم رەوشە لە بەرژەوەندیی نەیارانی کوردستانه‌
سیاسیێكی توركمانان ده‌ڵێ، دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی گرینگ و زۆر ئەرێنی دا، کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکان بەدەم داوای ئەم پەیامەوه‌ بچن و واز لە ململانێی سیاسی بهێنن.



(عه‌بدولقادر بارزگان) له‌ ڕێی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ پشتیوانیی پارتی چاکسازی پێشکەوتووی تورکمانی له پەیامەکەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگه‌یاند و ده‌ڵێت، پەیامێکی گرینگ و ئیجابی بوو، له کات و ساتی خۆیدا بوو، ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێشووتر بانگەشەیان بۆی ده‌کرد، ئێستا وەک پێشنیاز خراوەتە بەردەستیان، بەتایبەت لەسەر گۆڕانکاری لەسەر هەرسێ پۆستە سیادییەکە، (سەرۆکایەتیی هەرێم- حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان).



پارتی چاکسازی پێشکەوتووی تورکمان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''کاتی ئەوەیه‌ لایەنە سیاسییەکان دوای ئەو پەیامە بکەون، چیتر خەڵکی نەکرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی و گشت لایەکیش ئەو راستییە دەزانن کە بەهۆی خراپیی ئەدای سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو ئەو قەیرانە سیاسییە دروست بووە، بۆیە گرینگە پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێ و، وەک سەرۆک ئاماژەی کردووە کە دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێک بهێنرێتەوە و بیر لە ئەقڵیەتی پێشووتری دەستەی سەرۆکایەتی نەکرێتەوە.''



(عەبدولقادر بازرگان) دەشڵێ، ''خەباتی (بارزانی) گرێدراوی کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێم نییه‌، چونکە فەرماندەییکردنى لە ئاستی شەڕێکی گەورەی وەک داعش و بەهێزکردنی پێوەندیی وڵاتانی جیهان بە هەرێمی کوردستانەوە لە دەستکەوتی به‌رێزیان تەماشا دەکەین، بۆیە هیوادارین سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەست لەناو دەست کار بکەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستووی سیاسیی کوردستان و، ناکۆکییەکان وەلا بنێن.''



سه‌رۆكى پارتی چاكسازى و پێشكه‌وتووى توركمانى گوتیشى: "هیوادارین لایەنەکان لە دوای پەیامەکەی (بارزانی) کار بکەن بۆ دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ چارەی قەیرانەکان لە سەرووی هەموویانەوه‌ جێبەجێکردنی یاسا و دوورکەوتنەوە لە گوتاری تووندی راگەیاندن، چونکە درێژەدانی ئەم رەوشە سیاسییەی کوردستان لە بەرژەوەندیی نەیارانی کوردستانه‌.''

kdp-
Top