دۆستێكی كورد هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆكایەتی فەرەنسا دەباتەوە

دۆستێكی كورد هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆكایەتی فەرەنسا دەباتەوە


هەڵبژاردنە بەراییەكانی پارتە ڕاستڕەو و میانڕەوەكانی فەرەنسا، رووداوی چاوەڕوانەكراوی لێ كەوتەوە، فرانسوا فیۆن سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەرێژەیەكی زۆر بەرز لەپێش هەمووانەوە دەنگی هێناوە و نیكۆلای ساركۆزی سەرۆك كۆماریش شكستی هێنا.


ئاكامە كۆتاییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە لەو هەڵبژاردنە بەراییانەدا فیۆنی تەمەن شەست و دوو ساڵ زۆرتر لە 40٪ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەست هێنا و لە پێشەوەیە بەرانبەر بە ئالان ژۆپێ‌ی تەمەن حەفتاویەك ساڵ كە بە پلەی دووەم دێت و رێژەی لە 32٪ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەست هێناوە.


هەرچی نیكۆلای ساركۆزی بوو رێژەی 20٪ی دەنگەكانی بەدەست هێنا و رایگەیاند كە لە ژیانی سیاسی دەكشێتەوە و لە خولی دووەم پاڵپشتی لە فرانسوا فیۆن دەكات.


لە هەمان هەڵبژاردندا خاتوو ناتالی كۆسیسكۆ مۆریزێ‌ وەزیری پێشووی ژینگە بە پلەی چوارەم و بلۆنۆ لۆمێر وەزیری پێشووی كشتوكاڵ و سەرۆكی پارتی پارتی مەسیحی دیموكراتی بە پلەی پێنجەم هات.


هەڵبەت خولی دووەمی هەڵبژاردنەكان رۆژی یەك شەممەی داهاتوو بەڕێوە دەچێ تا بەشێوەیەكی فەرمی كاندیدی ڕاستڕەو و میانڕەوی فەرنسا بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار دەستنیشان بكرێت كە بڕیارە لە ئایاری ساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.


فرانسوا فییۆن بە دۆستی كوردانی هەرێمی كوردستان ناودەبرێ و چەند جارێكیش سەردانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەی لە بەرەكانی بەرگری كردووە و رایگەیاندووە كە پێویستە حكومەتی فەرەنسا هاوكاریی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگە بكات.
bas news-
Top