دەزگای خێرخوازیی بارزانی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لەگوندی پلینگانە دروست دەکات
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەھاوکاری خێرخواز "حاجی حەسەن" بە ئامادەبوونی "پشتیوان سادق" وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک و جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و پەروەردەیی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە گوندی پڵینگانە لە سنوری پارێزگای ھەولێر کرایەوە.
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عەزیز شێخ رەزا و موسا ئەحمەد سەرۆک و جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی حکومی و پەروەردەیی، لە گوندی پڵینگانەی سەر بە شارەدێی قوشتەپە لەسنوری پارێزگای ھەولێر، قوتابخانەی پڵینگەی بنەڕەتی کرایەوە.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکەدا پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر کارو چالاکیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەزۆربەی سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری و بەتایبەتی لەبواری پەروەردەو خوێندندا و رایگەیاند: دەزگای خێرخوازیی بارزانی جێگەی دەستخۆشی و ھاوکاری و پاڵپشتیکردنی زیاترە، بەوەی لەزۆر بواری ژیاندا ھاوکارییە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئاوارەو پەنابەرو خەڵکانی کەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت و لەڕووی پەروەردەییشەوە جیپەنجەو رۆڵی کاراو گەورەی گێڕاوە لە ھاوکاریکردنی قوتابیان و دابینکردنی پێداویستی خوێندن. ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا، کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە لە گوندی پڵینگە یەکێکی ترە لە کارە بەردەوامەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەبواری پەروەردەیی و خزمەتکردنی قوتابیانی ئەم گوندە، کە پێشتر لە شوێنێکی زۆر خراپدا خوێندنیان دەکرد، ئەمڕۆ ئەم قوتابخانەیە بەھاوکاری لەگەڵ حاجی حەسەنی خێرومەند و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم قوتابخانەیە دروستکراوە کە جێگەی دەستخۆشی و ستایشکردن و پاڵپشتیکردنی زیاترە. ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدا، ئێستاکە کوردستان بە قەیرانی دارییدا تێدەپەڕێت و پرۆسەی پەروەردەو خوێندنیش پێویستی بە ھاریکاری و پاڵپشتی زیاتری خەڵکی کوردستانە، ئەم قوتابخانەیە نمونەیەکی جوانی کاری خێرخوازیی و نیشتمانپەروەرییە و نمونەیەکی بەرزە و ئومێد دەکەین خەڵکانی تری دەستڕۆیشتووش بەھەمانشێوە لەبواری پەروەردەو دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکاندا بکەن.
دواتر لەلایەن موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە پوختەیەک لەبارەی کارو چالاکیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسێکتەری پەروەردەیی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەساڵانی رابردوودا ھەوڵی زۆریداوە پرۆسەی خوێندن لە کەمپی ئاوارەو پەنابەران و خەڵکانی لێقەوماو و بێدەرەتان لە کوردستان بکات، ساڵانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەر ئەرکی خۆی جانتاو پێداویستیەکانی دیکەی خوێندن بەسەر ٥٠ ھەزار قوتابی لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان و کەمپی ئاوارەو پەنابەران، ئەمەش ئەرکێکی زۆر لەسەر گەورەیەو بارگرانیەکی زۆری قوتابیانی کوردستانی کەمکردۆتەوە.
سەبارەت بە چۆنێتی دروستکردنی قوتابخانەی پڵینگەی بنەڕەتی تێکەڵاو، موسا ئەحمەد جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەدا، ئەم قوتابخانەیە بەھاوکاری لەگەڵ خێرومەند حاجی حەسەن، لەسەر رووبەڕی ٣٠٠مەتر زەوی دروستکراوە، کە پێکھاتوە لە ٨ ژووری قوتابیان و مامۆستایان و بەڕێوەبەری قوتابخانە لەگەڵ بادلۆو ھەیکەلی قوتابخانە لەسەر شێوازی مۆدێرن دروستکراوە، ھەروەھا رایگەیاند: بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە بەسوپاسەوە کۆمپانیای (ماس) بڕی ٣٠ تۆن چیمەنتۆو و کۆمپانیای ئەربیل ستیل ١٠ تۆن شیش و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی ٢٨.٤٥٠.٥٠٠ دیناری تەرخانکردوە.
payamner-
