محهمهد حاجی مهحمود: ئهگهر حیزبهكان ئیرادهیان ههبێت كێشهكان چاره سهردهبن
سکرتری حزبی سۆسیالیست دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، حزبەکان دەبێت وەڵامی داواکەی بارزانی بدەنەوە.
محەمەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: “پێشووتر بارزانی لە کۆبوونەوەی حزبەکاندا پێشنیاری کرد کە یەکێک دیاری بکەن بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، من لە ئێستاوە هاوکاری دەکەم و یارمەتی دەدەم، ئێستاش لەم کاتەدا بەیاننامەی دەرکردووە و داوای کردووە کە کەسێک بۆ شوێنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت”.
ڕوونیشی کردەوە: "ئێستا دۆخێکی مەترسیدار هەیە لە کوردستان و ناوچەکە هەتا کەسێک پێشوەختە دیاری نەکرێت بۆ ئەو پۆستە، ناکرێت ئەو شوێنە بە بۆشایی بمێنێتەوە، بۆیە داواکەی بارزانی بۆ حزبەکان وادەکات کە حزبەکان خۆیان کۆببنەوە و ئەو بڕیارە بدەن، بگەنە دەرئەنجامێک لەو بارەوە".
محەمەدی حاجی مەحموود باسیشی لەوە کرد کە هێشتا حزبەکان کۆنەبوونەتەوە و بڕیاریش نییە کۆببنەوە، تا ئەو کاتە بزانرێت کەس پێی دەکرێت ئەو پۆستە بەڕێوە ببات؟ بۆیە “ئێستا تۆپەکە لەبەردەم حزبەکانە". بە پێویستیشی زانی پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە، دووپاتیشی کردەوە: ”ئەگەر حزبەکان ئیرادەیان هەبێت قەیرانەکان چارەسەر دەبێت”.
شەوی ڕابردوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕای گەیاند: “حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت، بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم”.
payamner-
