یه‌كگرتووی ئیسلامی: په‌یامه‌كه‌ی بارزانی هه‌نگاوێكی ئیجابییه‌

یه‌كگرتووی ئیسلامی: په‌یامه‌كه‌ی بارزانی هه‌نگاوێكی ئیجابییه‌
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان په‌یامه‌كه‌ی‌ بارزانی له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ سیاسی و دارایی هه‌رێمه‌وه‌‌ به‌ "هەنگاوێكی ئیجابی" داده‌نێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگه‌چاره‌ بۆ ئاڵۆزیەكانی هەرێم.

مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوێنێ له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەوەدەبێت حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت، هه‌روه‌ها داوایكردووه‌ تا هه‌ڵبژاردن كه‌سێكی‌ دیكه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ستنیشان بكرێت.

ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەكگرتوو ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند "ئێمە پەیامەكەی بەرێز كاك مەسعود بارزانی لە 20/11/2016 سەبارەت بە قەیرانە سیاسیەكەی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئیجابی و بە ئاراستەی دروستی دەزانین و هیوادارین ببێتە سەرەتایەك بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی پێویست بۆ كێشە و ئاڵۆزیەكانی هەرێم و هەنگاوی كردارەكی بەدوا دابێت".

هه‌روه‌ها داواكاره‌ لە هەموولایەك بەتایبەتی پێنج لایەنە سیاسیەكە هەرچی زووترە گفتوگۆكانی نێوانیان دەست پێ بكەنەوە بۆ گەیشتن بە میكانیزم و چارەسەری گونجاو بۆ بەرێككردنی قۆناغەكە و رزگاكردنی هاوڵاتیانی كوردستان لەم نەهامەتی و خراپی باری گوزەرانەی كە پێوەی دەناڵێنین.
payamner-
Top