وەزیری خوێندنی باڵا: دەرگای زانکۆکانی کوردستان بەڕوی خوێندکارانی بیانی ھەمیشە واڵایە
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دنیا بەتایبەت ئەو وڵاتانەی خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەند و سەرکەوتون لە بواری خوێندنی باڵا.
د.یوسف گۆران لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ "شوشیلل ئەزەم بن شوێپ" کونسڵی ھەرێمی مالیزیا بۆ بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا ھات، کە ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچو.
لەو دیدارەدا، کە د.ئامانج سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، د.جوان جەلال شەریف بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەیبون گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییە زانستیەکانی نێوان ھەردولا کرا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، د.یوسف گۆران بەخێرھێنانی وەفدی میوانی کرد و، وتی: یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتەکەمان ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتانی جیھان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە خاوەن ئەزمونێکی سەرکەوتو و دەوڵەمەندن لە بواری خوێندنی باڵا، وتیشی بڕوامان وایە مالیزیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی خاوەن ئەزمونێکی نوێ و سەرکەوتوە لە بواری خوێندنی باڵاو گەشەپێدانی مرۆیی، ھەربۆیە دەمانەوێ ئەو پەیوەندییەی ھەمانە زیاتر لەگەڵ مالیزیا گەشەی پێ بدەین.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕونیشیکردەوە زۆر بوار ھەیە، کە دەکرێ لە ڕێگەیانەوە پەیوەندییەکانمان باشتر بکەین، بەتایبەت لە بواری ئەنجامدانی توێژینەوەی ھاوبەش و گۆڕینەوەی ستافی زانستی و ڕەوانەکردنی خوێندکار و کرندنەوەی خول و وۆرکشۆپ، ئەوەشی ڕاگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و زانکۆکانی کوردستان دەرگایان وڵایە بۆ پێشوازیکردن لە خوێندکارانی بیانی بۆ درێژەدان بەخوێندن لە زانکۆکانی کوردستان، ھەربۆیە ھەمو کارئاسانیەک بەو ئاراستەیە دەکەین، لە کۆتایشدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوایکرد پسپۆرانی بواری تەکنەلۆجیا لە زانکۆکانی مالیزیاوە بێننە زانکۆکانی کوردستان بۆ ئەوەی ڕاھێنان بەمامۆستایان بکەن.
لە بەرامبەردا شوشیلل ئەزەم بن شوێپ کونسڵی ھەرێمی مالیزیا بۆ بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا، دوای ئەوەی خۆشحاڵی خۆی بەو پێشوازییە دەربڕی، وتی: نزیکەی (١٥) ساڵە لەم ناوچەیە کاردەکەم، بۆیە لێرە بەدواوە کۆتایی بەکارەکانم دێ، وتیشی خۆشحاڵم کە لەو ماوەیەدا توانیم بەردی بناغەی پەیوەندییەکی بەھێز لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دابنێین، ھەروەک کورتەیەکی لەبارەی زانکۆکانی مالیزیا لە بواری تەکنەلۆجیاو تەکنەلۆجیای زانیاری کرد، کە لە ڕیزبەندی زانکۆ ھەرە باشەکانی دونیادان، ھیواشی خواست لە بواری زانستە کردارییەکان و خوێندنی تەکنەلۆجیاو دڵنیایی جۆری ھەماھەنگی زیاتر ھەبێ لە نێوان زانکۆکانی ھەردولادا، لەھەمان کاتدا باسی لە ئەنجامدانی پڕۆگرامی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانکۆکانی مالیزیا کرد بەتایبەت زانستە کردارییەکان، کە وەک نمونە باسی لەوە کرد کە خوێندنی زانستە کردارییەکان دو ساڵ دەبێ لە زانکۆ و دو ساڵی دواتری لە کارگەو کۆمپانیاکان خوێندنەکانیان بەشێوەیەکی پراکتیکی تەواو دەکەن.
payamner-
