ئیبراھیم برۆ: په‌یه‌ده‌ بە ناوی فەلسەفەی دیموکراتیک کار دەکەن به‌ڵام باوەڕیان بە نەتەوەی کوردی نییە

ئیبراھیم برۆ: په‌یه‌ده‌ بە ناوی فەلسەفەی دیموکراتیک کار دەکەن به‌ڵام باوەڕیان بە نەتەوەی کوردی نییە



سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ده‌ڵێت، تا ئێستا بیرلە ھیچ دانوستانێکی نوێ نەکراوەتەوە و ئەگەر رێککەوتن بکرێت دەبێت گوڕانکاریەکی سیاسی گەورە بکرێت و فشار و ئاستەنگەکان لەسەر ھاووڵاتییان کەم بکرێنەوە.

ئیبراھیم برۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، رایگه‌یاند، لە ئێستادا رەوشی سیاسی ناوچەکانی کوردی لە سووریا وەک ھەموو ناوچەکانی دیکەی سووریا زۆر خراپە، بەڵام ناوچەکانی کوردی بەربەستی زۆرتری تیادایە و پەیەدە لەو ناوچەیە دەسەڵاتێکی دروستکردووە کە تایبەت زۆلم لە نەتەوەی کورد لە سووریا دەکات و ئەو دەسەڵاتەش بە رێککەوتن لە نێوان رژیمی بەشار ئەسەد و پەیەدە دروستبووە ھەر بۆیەش ئەوان دەرفەت نادەن لایەنێکی دیکەی کوردی لە ناوچەکەدا رۆڵیان ھەبێت، ھەروەھا ئەوان لە ئێستادا چەندین بەربەست دروست دەکەن بۆ بزووتنەوەی سیاسی کورد لە سووریا کە زیاتر لە شەست ساڵە بۆ مافی نەتەوەی کورد خەبات دەکات.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا وتیشی، "رەوشی ئابووریش زۆر خراپە و ژیانی خەڵک کەوتووتە مەترسییەوە وئەمەش لە کاتێکدایە کە ھەر کەسێک کە بۆ بژێوی ژیانی خۆی کارێک بکات، باجی لێ وەردەگیرێت، ھەروەھا سەربازی زۆرەملێ رۆژ بە رۆژ زیاد دەکات وھەموو گەنجانی ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ یا دەبێت لە رێزی پەیەدە بن یا وڵاتەکەیان بەجێبێھلن و ئاوارەی وڵاتانی دیکە بن".

برۆ لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئەنەکەسە دەڵێت، "ئێمە بەھۆی کردارە خراپەکانی پەیەدە خۆپێشاندان دەکەین وئەوان لە ماوەکانی رابردوودا کاری قیزەوەنیان بەرامبەر ئەندامان و سەرکردەکانی ئەنەکەسە کردووە ولە ئێستاشدا رادیوی عامودایان داخستووە و ژمارەیەکی زۆری کادیر و ئەندامانی ئێمەیان دەستبەسەرکردووە و دەستیان داوەتە داخستنی ئوفیسەکانی ئێمە و تا ئێستا تەنیا جێگری سکرتێری پارتی یەکێتی کورد لە سووریا، ساڵح حەسەن ئازاد کراوە وئەوان با بزانن کە بەردەوامیش دەبین لە چالاکییە مەدەنییەکانمان و ھەروەھا ئێمە تەنیا بۆ بەندکراوان خۆپیشاندان ناکەین بەڵکو دژی ھەبوون و ئیدارەی ناشەرعی ئەوان رادەوەستین.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، "په‌یه‌ده‌ ھیچی بۆ میللەتی کورد نەکردووە و ئەوان بە ناوی فەلسەفەی دیموکراتیک کار دەکەن بەڵام تا ئێستا باوەڕیان بە نەتەوەی کوردی نییە
payamner-
Top