بزووتنەوەی ئیسلامی بەدەم پەیامەکەی بارزانییەوە دەچێت
عەبدوڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "پەیامەکەی بارزانی، بە ئەرێنی دەزانین و پێیمان وایە دەکرێت، بکرێتە دەستپێکی باش بۆ ھێز و لایەنە سیاسییەکان، تاکۆ بەیەکەوە گفتوگۆ و دانوساندن بکەن".
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو پرسانەی بارزانی، داوای چارەسەری کردوون، ھەمان ئەو پرسانەن کەبوونەتە گرفت لە بەردەم دۆخی سیاسیی کوردستان، بۆیە پێمان وایە دەبێت ھێزە سیاسییەکان، بەزووترین کات بڕیاری خۆیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گشتگیر و بە بەشداری سەرجەم ھێزە سیاییەکان بدەن، بۆ ئەوەی ڕێگا چارەیەکی گونجاو بۆ یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم پرسە ھەڵواسراوەکان بدۆزرێتەوە، کەبوونەتە گرفتی گەورەی سیاسی".
گوتیشی: "تاڕادەیەکی زۆر باش ھێز و لایەنە سیاسییەکان، ھەڵوێستی خۆیان بۆ پەیامەکە بە ئەرێنی دەربڕیوە و بە باشی ئەو پەیامەیان ھەڵسەنگاندوە، کە ئەوەش بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان زۆر باشە، بۆیە پەیامی بارزانی دەکرێت ببێتە دەرفەتی باش ھێزە سیاسییەکان، تاکو بیکەنە تەوەرەی گفتوگۆکانیان".
ھاوکات منیرە عەلی عەبدلعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "بارزانی، پەیامێکی جوانی بڵاوکردەوەتەوە و بزووتنەوەی ئیسلامی پشتگیری لە پەیامەکەی دەکات، چونکە پەیامێکی گرنگە و دەروازەیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە چەقبەستوەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوە، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بارزانی ئەمە یەکەمین جاری نییە باسی چۆڵکردنی کورسییەکەی دەکات، چەند جارێک لە کۆبوونەوەی حیزبەکاندا ئامادەیی ئەوەی دەربڕیوە واز لە پۆستەکەی بھێنێت، بەڵام سەرۆک حیزبەکان جورئەتی ئەوەیان نییە بێنە پێشەوە".
مونیرە عەبدولعەزیز ئەوەشی خستەڕوو: " پێویستە ھەموو حیزبە کوردستانیەکان، ھەرچی زووترە لەسەر پەیامەکەی بارزانی کۆبوونەوەی فراوان ئەنجام بدەن، بێگومان ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ بارزانی، کۆببنەوە و ناکۆکیە سیاسییەکان وەلابنرێن دواجار ئەگەرێکی زۆر ھەیە چارەسەری قەیرانی دارایی بکرێت".
گوتیشی: "بێویژدانیە ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، پەیامەکەی بارزانی، بەھەند وەرنەگرن، چونکە بارزانی بەئاشکرا دەیەوێ کاری جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان بکرێت، بێگومان بە تەنھا ئەم کێشانە بە پارتی و خودی بارزانی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەھاوکاری و ھەماھەنگی لایەنە سیاسییەکانە".
باسنیوز
