توێژەرێکی سیاسی: پەیامەکەی بارزانی دەرچەیەکی باشە کە بزووتنەوەی گۆڕان لە دۆخەکەی دەربچێت
ئەمڕۆ دووشەممە 21\11\2016، بەهرۆز جەعفەر، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات و توێژەری سیاسی، لە نووسینێکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: “پەیامەکەی بارزانی لە چەند ڕۆژی ئایندەدا، شتی باشتری بەدوادا دێت”.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە: “سەبارەت بە ئاسایی کردنەوەی دۆخی حکومی و پەرلەمانی، سەرەتا و دەرچەیەکی باشە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕانیش لێوەی دەرچێت، لایەنەکان دابنیشنەوە و ڕێکبکەون”.
ئەو توێژەرە سیاسییە لەگەڵ پێشبینییەکەیدا، دوو سەرنجی داوە کە لە یەکەمدا دەڵێت: “بۆ جارێک ئەو چوار لایەنه عەزیەت ناکێشن و خۆیان تاقی بکەنەوە و بە قسەی بارزانی بکەن و بەدەم داواکەیەوە بچن و یەکێک بۆ شوێنەکەی کاندید بکەن؟ ئەو نهێنییە چییە وا یەک یەک و هەرچواریشتان پێکەوە کەسێکتان پێ شک نایا بۆ شوێنەکەی بارزانی؟”. تێبینیی دووەمیشی لەبارەی مەکتەبی سیاسی و پەرلەمانتارانە کە گازاندەی ئەوەی لێکردوون، لەژێر هەژموونی “قسەی عەوام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان”دان.
باسنيوز
