سەرکردەیەکی پێشووی یەکگرتوو: پەیامەکەی بارزانی دەرفەتێکە بۆ دەربازبوون لە کێشەکان
د.دینداری دۆسکی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە، ڕایگەیاند: “پەیامەکەی بارزانی زۆر باش بوو بۆ چارەسەری قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێی کوردستان، بۆیە دەبێت بە ئیجابی ئەم پەیامە وەربگیرێت، چونکە ئەوان گرفتیان لەسەر سەرۆکایەتیی هەرێمی و سەرۆکی حکوومەت هەبووە، بارزانیش بە ڕاشکاوانە داوای گۆڕانکاری لەهەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەکات، بۆیە گرنگە هەرسێ لایەن دابنیشن و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانە بکەن”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "حزبەکان لەبەردەم تەحەدا دان، دەبێت میکانزمی کێشەکان بدۆزنەوە، ئێستا دوای پەیامەکەی بارزانی، بۆچوونی کۆمەڵ و یەکگرتوو ئیجابی بووە، داوایان کردووە لە لایەنەکان گفتوگۆ دەست پێ بکەنەوە، چونکە ئەم دەستپێشخەرییە کلیکی کردنەوەی کێشەکانە، بۆیە من پێم وایە ئەمەی بارزانی کردوویەتی، دەرفەتە بۆ دەربازبوونی کێشەکان".
دیندار دۆسکی لە لێدوانەکەیدا ئەوەشی ڕاگەیاند: “دەبێت لایەنەکان ئەوە بزانن کە دۆخی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی هەندێک لایەنە لەبەغدا، بۆیە تۆپەکە لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانە کە ئەم دۆخە چاک بکەن، ئێستا ئەوەی مایەی دڵخۆشییە، هەردوو حزبە ئیسلامییەکە و چاوەڕوان دەکرێت یەکێتیش لەگەڵ پەیامەکەدا بن، بەڵام دەمێنێتەوە سەر بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەگەر هاتوو ئەم پەیامە ڕەت بکەنەوە، ئەوە باجێکی گەورە دەدەن، بەتایبەت لەئاستی جەماوەری، سیاسەتیش دانووسانە، بۆیە دەبێت گۆڕان ئەوە بزانێت کە ناکرێت بۆچوونی خۆی بەسەر حزبەکاندا فەرز بکات”.
باسنیوز
