یەکگرتوو لەبارەی پەیامەکەی بارزانی راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە

 یەکگرتوو لەبارەی پەیامەکەی بارزانی راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی دوایین پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڵاو دەکاتەوە.

ئەنجومەنی سیاسیی و جەماوەریی یەکگرتوو لە راگەیەندراوەکەیدا، کە رۆژی دووشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2016 بڵاو کراوەتەوە ، پشتیوانیی خۆی بۆ پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و پێیوایە ”هەنگاوێکی ئیجابی“یە و ”بە ئاراستەیەکی دروستە“.

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هیوا دەخوازێ پەیامەکە ”ببێتە سەرەتایەك بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی پێویست بۆ كێشە و ئاڵۆزیەكانی هەرێم و هەنگاوی كردارەكی بەدوا دابێت“.

وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی سیاسیی و جەماوەریی یەکگرتوو داوا لە هەموو لایەک ”بە تایبەت پێنج لایەنە سیاسییەکە“ دەکات، کە هەرچی زووە دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە ”بۆ گەیشتن بە میكانیزم و چارەسەری گونجاو بۆ بەرێكردنی قۆناغەكە“.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەم، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانپەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد، بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ و سەرۆکایەتییکی نوێ بۆ پەرلەمانی کوردستان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە حزبە سیاسییەکان کرد، کەسێک دەستنیشان بکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی ئایندە، ”منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم“.














باسنیوز
Top