د. مەحموود عوسمان: پەیامەکەی بارزانی گۆڕانی قوفڵ کردووە
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕاگەیاند: “دەبوو لایەنەکان پێش پەیامەکەی بارزانی کۆببنەوە، چونکە لایەنەکان بەرپرسی ئەم گەلەن، نابێت بەم شێوەیە مامەڵە بکەن، ناکرێت هەموو پەیامەکانیان لەرێگای ڕاگەیاندنەوە بگەیەنن، ناکرێت لە تەلەڤزیۆنەکانەوە پەیامە سیاسییەکان بگەیەندرێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “با لایەنەکان پەیامەکەی بارزانی بەهەند وەربگرن و بەو بۆنەیەوە کۆببنەوە، هەر بۆچوونێکیان هەیە با بیڵێن، چونکە پەیامەکەی بارزانی وایە کە دەڵێت گۆڕانکاری لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بکرێت، حکوومەتی تازە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تازە، سەرۆکی هەرێمیش، لەوە زیاتر چی؟ بۆیە حزبەکان لەبەردەم بەرپرسیاریەتین، چیان دەوێت با بیکەن، ئەگەر پێیان ناکرێت، با بە ڕاشکاوانە بڵێن ناکرێت، گرنگ ئەوەیە بۆچوونیان هەر چیەکە، با ڕێک بکەون".
مەحمود عوسمان لە لێدوانەکەیدا، سەبارەت بە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوە کرد: “گۆڕان ناتوانێت خۆی جیا بکاتەوە، ئەگەر ئەوان مەرجیان ئەوەبێت کە دۆخەکە بۆ پێش 12ی مانگ بگەڕێتەوە، ئەوە پارتیش مەرجی هەیە کە دەبێت دۆخەکە بۆ 23ی مانگ بگەڕێتەوە، واتە ئەو کاتە هیچمان نەکرد، بۆیە دەبێت حزبەکان لەسەر خاڵەکانی پەیامەکەی بارزانی کۆببنەوە".
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە پێی وایە بارزانی لە پەیامەکەیدا داواکارییەکی گۆڕانی “قوفڵ” کردووە، چونکە داوای گۆڕانکاری لە هەرسێ سەرۆکایەتی دەکات، دەشڵێت: “ئاشکرایە کە بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا بڕیار نادات، بۆیە لەم دواییەدا پەیوەندیی گۆڕان و پارتی خراپ بووە، دەکرێت هەڵسووڕاوەکانی گۆڕان خۆیان پەیوەندی بە ڕێکخەری گشتیی گۆڕانەوە بکەن”.
باسنیوز
