سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەڵامی هەڕەشەکانی سەرکردەیەکی شیعە دەداتەوە و دەڵێ: پێشمەرگە نەبوایە سوپای عێراق سەرکەوتوو نەدەبوو"

 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەڵامی هەڕەشەکانی سەرکردەیەکی شیعە دەداتەوە  و دەڵێ: پێشمەرگە نەبوایە سوپای عێراق سەرکەوتوو نەدەبوو
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لێدوانێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا وەڵامی سەرکردەیەکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق دەداتەوە.



پێشتر باقر جەبر سۆلاغ، سەرکردەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاندبوو، کە عێراق سوپا حەشدی شەعبییەکی بەهێزی هەیە، کە هیچ سنوورێک ناناسن بۆ وەڵامدانەوەی ئەوانەی داوای مانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە رزگارکراوەکانی نەینەوا دەکەن.



ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاندووە، کە بە داخەوە هیچ لێدوانێک بۆ رەتکردنەوەی ئەو گوتانەی باقر جەبر سۆلاغ نەدرا، کە سەرکردەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە و گەلی کوردستان و ئەنجومونەکەش پەیوەندییەکی مێژوویی و شۆڕشگێڕیی باشیان لە نێواندا هەیە.



هەروەک ئومێد سەباح رایگەیاندووە، ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە پاڵپشتیی هێزە عێراقییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ نەکردبا، ئەوا هێزە عێراقییەکان نەیاندەتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن.



بە گوتەی گوتەبێژی سەررۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەگەر باقر جەبر سۆلاغ باسی شەڕێکی ”ستەمکارانە“ دژی پێشمەرگە و کورد دەکات، ئەوا گەلی کوردستان ناترسێ و چەندین نموونەی خۆڕاگریی لە مێژوو تۆمار کردووە و نموونەش بە سوپای سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراق دەهێنێتەوە، کە پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان شکستی پێهێنا.



ئومید سەباح هەڕەشەکەی ئەو سەرکردەیەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە بێ بایەخی سەیر دەکات و رایدەگەیەنێت، کە گەلی کوردستان بەرگریی لە شارستانییەت و مرۆڤایەتی دەکات و ”هەر هێزێکیش دەیەوێ خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوا چیاکانمان هێشتا لە شوێنی خۆیانن بە سەر بڵندی و سەر بەرزی“.










باسنیوز
Top