بەندکراوێکی کورد دوو ساڵ و نیوە چارەنووسی ناڕوونە

 بەندکراوێکی کورد دوو ساڵ و نیوە چارەنووسی ناڕوونە
به‌ندكراوێکی سیاسیی کورد کە 30 مانگ لەوەوە پێش دەستبەسەر کراوە هەتا ئیستا لەبارەی چارەنووسی هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.



بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) سەیوان ڕەحیمی، به‌ندكراوی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی (نگڵ) سەر بە ناحیەی (کەڵاتەرزان)ی سنە، دوو ساڵ و نیو پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.



تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی ناوی ئەم به‌ندكراوه‌ سیاسییە کوردە لە بەندی 10ی گرتووخانەی (دیزڵ‌ئاوا)ی کرامشان تۆمار کراوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.



بنەماڵەی سەیوان ڕەحیمی، چەندین جار بەدواداچوونیان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە چارەنووسی کوڕەکەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی سەیوانیان پێنەدراوە.



سەیوان پێشتر و لە ساڵی 2009 شدا جارێکی دیکە دەستبەسەر و بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک له‌ حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران، سزای زیندانی بەسەردا سەپابوو و پاش تێپەڕاندنی دوو ساڵ ئازاد کرابوو.









باسنيوز
Top