کورد چاوەڕوانی یارمەتییە سەربازییەکانـی کەنـەدا دەکـات
فەرماندەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ تەلەڤزیۆنەکە قسەیان کردووە، دڵنیاییان داوەتە کەنەدا کە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان سود لە یارمەرتییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە وەردەگرن.
حکوومەتی کەنەدا لە شوباتی ئەمساڵ بەڵێنی بە هەرێمی کوردستان دا چەکی سووک و پێداویستی سەربازی و تەکنیکییان پێبدات و ئەو بەڵێنییەش لە لایەن حکوومەتی لیبراڵەکانەوە دراوە.
پێویستە بگوترێت بەهاری ئەمساڵ هەر یەک لە هارجیت سەججان وەزیری بەرگری کەنەدا و جەنراڵ جۆناتان ڤانس فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە داوایان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لیستێک لە پێداویستییە سەربازییەکانیان ئامادە بکەن و بۆ کەنەدای بنێرن تا ئەوان بتوانن یارمەتییەکانیان بۆ دابین بکەن بەڵام لەو کاتەوە کەنەدا لە جێبەجێکردنی بەڵێنییەکەی بێدەنگ بووە.
"من لە یەک شت دڵنیام هێزە سەربازییەکانی ئێوە دەزانن ئێمە تا چ رادەیەک پێویستمان بە چەک و پێداویستی سەربازی هەیە." عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزەکانی زێرەڤانی لە دیمانەیەکدا کە لە لایەن سوپای کەنەداوە رێکخرابوو، ئەو قسانەی گوت.
کورد بە ئاشکرا باسی سەربەخۆیی کردووە و تەنانەت باسی لە بەڕێووەچوونی ریفراندۆمیش کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان.
عەزیز وەیسی پێی وایە ئەوان بە تەواوی لە هۆکارەکە تێدەگەن بەڵام دیسان داوا لە کەنەدا دەکەن کە یارمەتی سەربازی پیشکەش بە پێشمەرگە بکات. بەگوتەی وەیسی لەوانەیە جێبەجێنەکردنی بەڵینییەکە لەبەر هۆکاری یاساکانی کەنەدا بێت لە هەناردەکردنی چەک بەڵام دووەم هۆکار ئەوەیە کە ئێمە هیشتا دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین بۆیە کەنەدا لەو یارمەتییانە دەستی بەستراوە و دەبێت هەموو یارمەتییەک لە رێگەی بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان.
پێویستە بگوترێت یەکێک لە نیگەرانییەکانی بەرپرسانی ئیداری کەنەدا لە چەند مانگ لەمەوبەر ئەوە بووە کە هیزەکانی پێشمەرگە ئەو چەکانە بۆ چەسپاندنی سەربەخۆیی بەکار دەهێنن و دوای ئەوەی پاشەکشەیان بە داعش کرد بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەیان سودی لێوەردەگرن و نیگەرانییەکە ئەوەیە لەدوای لەناوبردنی داعش بۆ جەنگی سەربەخۆییخوازی سودی لێوەربگرن. بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بە میدیایەکی ئۆتاوای گوتووە داواکارییەکە ئاراستەی بەغدا کراوە بەڵام جارێ هیچ روونییەک لە کێشەکەدا بەدی نەهاتووە.
لە لایەکی ترەوە بەڕێوەبەری بەشی سیاسەتی ستراتیژی رۆژهەڵاتی ناوراست گوتوویەتی ئەوان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە دانوستان دان و تاوەکوو ئێستە بەرپرسانی بەغدا رەزامەندییان لەسەر ئەو بابەتە دەرنەبڕیوە. عەزیز وەیسی سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەردەبڕێت لەکاتێکدا کەنەدا دڵنیایە لەوەی کە ئەگەر ئەو چەکانە بگەنە دەستی پێشمەرگە ئەوا لە دژی داعشدا بەکاریان دەهێنێت کەچی هەنگاوەکەی جێبەجێ نەکردووە.
هاوکات جەلال ئازاد کە فەرماندەیەکی تری هێزەکانی پێشمەرگەیە دەڵێت: وڵاتانی تریش هەمان کێشەیان لە ناردنی چەک هەبووە و هەر ئەوەش وایکردووە پێشمەرگە وەکوو پێویست چەک و پێداویستی سەربازی بە دەست نەگات. بەگوتەی ئەو فەرماندەیە بە ملیارها دۆلار بۆ پڕچەککردنی سوپای عێراق خەرج کرا بەڵام هێزی پێشمەرگە کە بە گوێرەی دەستووری عێراق هێزێکی یاساییە برێکی زۆر کەم یارمەتی دراوە.
هەرێمی کوردستان لیستێک لە چەکی سووک و قورسی رادەستی کەنەدا کربوو بۆ ئەوەی بەمەبەستی لەناوبردنی داعش بۆی دابین بکرێت. بەشێک لەو چەکانەی داوایان کردبوو بریتی بوو لە چەکی دژە تانک و زرێپۆش . هێزە تایبەتییەکانی کەنەدا لە ماوەی مانگی رابردوو کە جەنگی رزگار کردنی مووسڵ دەستی پێکردووە سێ جار لەو چەکە دژە تانکانە سودیان وەرگرتووە. هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە کاریگەرترین هێزی دژە داعش هەژمار دەکرێن و هاوپەیمانان بە هیزێکی متمانەپێکراو ناویان دەهێنن، داعش لە سەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە تووشی شکستی گەورە هاتووە و بە تەواوی پاشەکشەی لەو ناوچانەی کوردستان کردووە کە پیشتر داگیری کردبوون.
پێویستە بگوترێت شەڕی رزگارکردنی مووسڵ لە ١٧ی مانگی رابردووەوە دەستی پێکردووە و تاوەکوو ئێستە بەردەوامە.
HAWLER-
