دوو دیپلۆماتی باڵای ئەمریکا و فەرەنسا سەردانی کوردستانی رۆژئاوا دەکەن
بەپێی زانیارییەکان، بێرنارد کۆشنێر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا و پیتەر گالبرێس، دیپلۆماتکاری ئەمریکی لە هەرێمی کوردستانەوە بە دەروازەی سێمالکاوە چوونەتە کوردستانی رۆژئاوا.
بێرنارد کۆشنێر و پیتەر گالبرێس لەگەڵ ئاسیا عەبدوڵڵا، هاوسەرۆکی پەیەدە، ئاڵدار خەلیل سەرکردەی تەڤگەری جڤاکی دیموکراتی (تەڤدەم) و عەبدولکەریم عومەر، سەرۆکی دەستەی دەرەوەی کانتۆنی جزیرە لە کوردستانی رۆژئاوا، کۆ بوونەتەوە.
بێرنارد کۆشنێر (1939 لە دایک بووە)، دۆستێکی لە مێژینەی گەلی کوردە و لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی باشوور چەندین جار سەردانی ناوچە ئازادکراوەکانی کردووە و پەیوەندیی زۆر باشی لەگەڵ زۆرینەی سەرکردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان هەبووە و هەیە.
پیتەر گالبرێس (1950 لە دایک بووە)، دیپلۆماتێکی ئەمریکییە و لە ساڵانی 80ـاکانی سەدەی رابردووەوە چەندین جار بەرگریی لە گەلی کوردستان کردووە و لە سەرەتای ساڵی 2003 وەک راوێژکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەکار بوو. گالبرێس یەکێکە لەو دیپلۆماتکارانەی بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکات.
باسنيوز
