هەڵسوڕاوێکی گۆڕان: ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی جێبەجێ‌ ناکرێت

 هەڵسوڕاوێکی گۆڕان: ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی جێبەجێ‌ ناکرێت
هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە کرد کە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.

عەبدولرەحمان موهەندیس، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: "شەش مانگ بەسەر واژۆكردنی ڕێکكەوتنی دەباشان تێپەڕی، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆكار و بەرژەوەندیی تایبەت و شەخسی، جێبەجێ‌ نەكرا، ئەگەر وا بڕوات، گومانی تێدانیە لە داهاتووش جێبەجێ‌ ناكرێت”.

ڕوونیشی کردووەتەوە: "ڕێكەوتنەكە نە گەرەنتی تێدایە، نە بە لێژنە و لێژنەكاری ناوەڕۆکی ڕێكەوتنەكە جێبەجێ‌ دەكرێت، تەنیا بە میكانیزمی پێكهێنانی چەترێكی سیاسیی هاوڕەنگ و هاودەنگ، لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، یان بە یەكگرتنی یەكێتی و گۆڕان وەك یەك حیزب، دەتوانرێت قەوارەیەكی سیاسیی گەورە و كاریگەر و هاوسەنگ لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروست بكرێت، ئەوسا لەبەر ڕۆشنایی واقیعە نوێیەكە و ماددە و بڕگەكانی ڕێكکەوتنەكە، دەست بكرێت بە گفتوگۆ و ڕێكکەوتنی ڕیشەیی و شەراكەتی ڕاستەقینە لەگەڵ پارتی دیموكراتیی كوردستان".

لەبەرامبەردا ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “لەسەرەتای ڕێککەوتنەکە زۆر گەرموگوڕی پێوەدیار بوو، بەڵام ئێستا قۆناغ بە قۆناغ سارد دەبێتەوە و هەڵە لە هەردوولا هەیە کە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت”. گوتیشی: "ڕێککەوتنەکە لەناو سەلاجە دانراوە".



















باسنیوز
Top