هەڵسوڕاوێکی گۆڕان: ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی جێبەجێ ناکرێت
عەبدولرەحمان موهەندیس، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: "شەش مانگ بەسەر واژۆكردنی ڕێکكەوتنی دەباشان تێپەڕی، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک هۆكار و بەرژەوەندیی تایبەت و شەخسی، جێبەجێ نەكرا، ئەگەر وا بڕوات، گومانی تێدانیە لە داهاتووش جێبەجێ ناكرێت”.
ڕوونیشی کردووەتەوە: "ڕێكەوتنەكە نە گەرەنتی تێدایە، نە بە لێژنە و لێژنەكاری ناوەڕۆکی ڕێكەوتنەكە جێبەجێ دەكرێت، تەنیا بە میكانیزمی پێكهێنانی چەترێكی سیاسیی هاوڕەنگ و هاودەنگ، لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی، یان بە یەكگرتنی یەكێتی و گۆڕان وەك یەك حیزب، دەتوانرێت قەوارەیەكی سیاسیی گەورە و كاریگەر و هاوسەنگ لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروست بكرێت، ئەوسا لەبەر ڕۆشنایی واقیعە نوێیەكە و ماددە و بڕگەكانی ڕێكکەوتنەكە، دەست بكرێت بە گفتوگۆ و ڕێكکەوتنی ڕیشەیی و شەراكەتی ڕاستەقینە لەگەڵ پارتی دیموكراتیی كوردستان".
لەبەرامبەردا ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “لەسەرەتای ڕێککەوتنەکە زۆر گەرموگوڕی پێوەدیار بوو، بەڵام ئێستا قۆناغ بە قۆناغ سارد دەبێتەوە و هەڵە لە هەردوولا هەیە کە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ ناکرێت”. گوتیشی: "ڕێککەوتنەکە لەناو سەلاجە دانراوە".
باسنیوز
