بەهۆی چەكدارانی پەكەكەوە هاووڵاتییانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە

بەهۆی چەكدارانی پەكەكەوە هاووڵاتییانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە
چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەوڵی رفاندنی کچێکی ئێزدی لە شنگالەوە بۆ قەندیل، دەدەن، هاوکات 100 هاووڵاتیی کوردی ئێزدی رزگار دەکرێنەوە.



رۆژی یەکشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2016، مەحما خەلیل، قایمقامی شاری شنگال راگەیاند، کە بەهۆی ئەو کارانەی پەکەکەوە، هاووڵاتییانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە شارەکەیان.



بە گوتەی مەحما خەلیل، دوای ئازاردانی کچێکی ئێزدیی شنگال، چەکدارەکانی پەکەکە هەوڵی رفاندنی کچەکەیان داوە تاوەکو بیبەنە قەندیل.



حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، 100 هاووڵاتیی کوردی ئێزدی رزگار کراونەتەوە.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.




باسنیوز
Top