رۆیتەرز: كۆمپانیایەك 550 ملیۆن دۆلار قەرز دەداتە هەرێمو بایی هەشت ملیار دۆلار نەوت وەردەگرێت
كۆمپانیایەكی سویسری بواری وزە، دەیەوێت بەپێی رێككەوتنێكی پێنج ساڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا 550 ملیۆن دۆلار بەقەرز بداتە حكومەتی هەرێم، ئەوەش لەبەرانبەر پێدانی نەوتی مانگانەدا كە لەماوەی ئەو رێككەوتنەدا بەهاكەی دەگاتە هەشت ملیار دۆلار.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، كۆمپانیای گلنكۆری سویسری لەماوەی ئەو 5 ساڵەدا مانگانە كەشتیی قەبارە ناوەندی پڕ لەنەوتی پێدەدرێت لەبری دانەوەی قەرزەكە، هاوكات ئەو گرێبەستە پێشبینی كراوە رێژەی سوودەكەی دەگاتە %12.
هەر كەشتیەكی مامناوەندی نەوت نرخەكەی لەدەوروبەری 25 ملیۆن دۆلاردایە، وەكو رۆیتەرز خەمڵاندنی بۆ كردووە، ئەو بڕە نەوتەی حكومەتی هەرێم بۆ پێنج ساڵ لەبری 550 ملیۆن دۆلار قەرز دەیداتەوە ئەو كۆمپانیایە نرخەكەی دەگاتە هەشت ملیار دۆلار، ئەوەش بەنرخی ئەمڕۆی نەوتی كوردستان كە دەوروبەری 40 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك.
كۆمپانیای گلنكۆری سویسری پێشبینی دەكات دوای واژۆكردنی ئەو رێككەوتنە پێنج ساڵییە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی كانونی دووەمی ساڵی داهاتوو یەك كەشتی نەوتی پێبدات لەبری قەرزەكە، هەروەها بۆ مانگەكانی شوباتو مارس دوو كەشتی نەوت، مانگی نیسان چوار كەشتیو لەمانگی ئایاریشەوە شەش كەشتی نەوتی پێبدات.
پێشتریش ئەو كۆمپانیایە لەئەمساڵدا 300 ملیۆن دۆلاری بەقەرز داوەتە حكومەتی هەرێمی كوردستانو لەبەرانبەریدا نەوت وەردەگرێتەوە بە تێكڕای كەشتییەكی مامناوەندی نەوت كە نرخەكەی لەدەوروبەری 25 ملیۆن دۆلاردایە، بەڵام ئێستا كۆمپانیاكە بەدوای رۆڵێكی گەورەتردا دەگەڕێت لەهەرێم.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، نزیكەی دوو ملیار دۆلاری قەرزكردوە لەكۆمپانیا كێبەڕكێكارەكانی گلنكۆر وەك ڤیتۆڵ، پێتراكۆ و ترافیگورا، دواتر پێدانەوەی ئەو قەرزانەی بەنەوت دەستپێكردووە، ئەم كۆمپانیایانە كاریان بازرگانی كردنە بە نەوتو بەچەندین شێوازی جیاواز كاردەكەنو نەوت دەكڕن، خۆیان بەرهەمهێن نین.
نەوتی كوردستان لەدوو ساڵی رابردوودا لەلایەن كۆمپانیا ئەوروپییەكانەوە جێی بایەخ بووە، ئەوەش لەكاتی پاشەكشەی ئەو بازرگانییەدا دوای ئەوەی هەولێر بڕیاریدا بەشێوەی سەربەخۆ لەبەغداد نەوتی خۆی بفرۆشێت بەنرخێكی تاڕادەیەك كەمتر، بەهۆی نیگەرانیو هەڕەشەكانی حكومەتی ناوەندی بۆ هەر كەسێك ئەو نەوتە بكڕێت.
لەكاتێكدا كۆمپانیای گلنكۆر و كۆمپانیاكانی دیكەش پارەیان بەقەرز داوە بەهەولێر، بەڵام هەرگیز بەئاشكرا دانیان بەرێككەوتنی لەو شێوەیەدا نەناوە، ئەوەش لەترسی رووبەڕوبونەوەی حكومەتی ناوەندی عێراق كە پێیانوایە كوردەكان ڕێزی رێكەوتنی رادەستكردنی بڕی دیارییكراو لەنەوت بۆ بەغداد ناگرن، بەپێی راپۆرتەكەی رۆیتەرز.
ئەوەش لەكاتێكدایە، هەرچەندە بەغداد لەم مانگانەی پێشوودا شێوازی قسەكانی بەرامبەر هەولێر نەرمتر كردوە لەچاو رابردوودا كە ئێستا پێكەوە شەڕی داعش دەكەن، بەڵام كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق (سۆمۆ)، هێشتا هەڕەشەی بە دادگادانی كڕیارانی نەوتی خاوی كوردستان دەكات.
بەپێی رۆیتەرز، مەترسی وەبەرهێنان لەكەرتی نەوتی هەرێم لێكدانەوەی بۆ دەكرێت بەپێی ئەو قازانجە زۆرەی لە مەسەلەی قەرزپێداندا دەستدەكەوێت.
بەپێی ئەو پڕۆپۆزەڵەی دەست رۆیتەرز كەوتووە، گرێبەستە پێنج ساڵییە پێشبینی كراوەكەی كۆمپانیای گلنكۆر بۆ پێدانی قەرز بە هەرێمی كوردستان رێژەی سوودەكەی دەگاتە %12، كە ئەوەش بەشێوەیەكی زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ پێدانی قەرز بەلایەنی دیكەو ئێستا كۆمپانیای گلنكۆر گرێبەستی دیكە دەكڕێتەوە بە سوودی نێوان لەسەدا 2.5 هەتا لەسەدا 3.125.
هەروەها كۆمپانیاكە هەوڵدەدات ماوەی 36 مانگ وەكو ماوەی لێخۆش بوون لەو سەرمایەگوزارانە وەربگرێت كە قەرزیان لێدەكات ئەوەش پێش ئەوەی دەستبكات بە پێدانەوەی قەرزەكە بەشێوەی قیستی مانگانە، كە ئەوەش هۆكارێكی دیكەیە كە وەبەرهێنەران پێشبینی قازانجی بەرز بكەن.
"تۆ دەتوانی مشتومڕی ئەوە بكەیت بەشێوەیەك كە ئەوە كۆمپانیای گلێنكۆر نییە بەڵكو حكومەتی هەرێكی كوردستانە كە پارەی رێژەی سوودەكە دەدات چونكە حكومەتی هەرێم قەرزوەرگری كۆتاییە"سەرچاوەیەكی نزیك لە پیشەسازی نەوتو نزیك لە رێكەوتنەكەوە وادەڵێت.
كۆمپانیای گلنكۆر لەنامیلەكەیەكی چاپكراوی خۆیدا دەڵێت"بەپێی نرخی ئەمڕۆی نەوتی خاو، بەهای ئەو نەوتەی كە وەری دەگرێت بەپێی گرێبەستە 5 ساڵییەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا شەش هێندە گەورەتردەبێت لەو 550 ملیۆن دۆلار قەرزەی دەیدات بە حكومەتی هەرێم".
بەڵام هۆشداری ئەوەی داوە كە لەحاڵەتی ڕاوەستاندنی هەناردەكردنی نەوت ئەوا"ڕەنگە ببێتە ڕاگرتنی پارەی سوودی مانگانەو بەشی سەرەكی گرێبەستەكە. بەڵام ڕونیكردۆتەوە بەپێی تۆماری مێژووی كۆمپانیاكە بۆ ئەم جۆرە گرێبەستانەی نەوت، تایبەتەو دواجار قازانجی كردووە".
كۆمپانیای گلنكۆر لە ساڵانی حەفتاكاندا لەلایەن بازرگانی نەوت، مارك ریچ-ەوە دامەزراوەو كاری كۆمپانیاكە بریتییە لەوەی پێش وەختە پارەی هەناردەی نەوت بدات لەو شوێنانەی زۆر سەختنو هەناردەكردن هەڕەشەی لەبەردەمدایە.
kurdistan-
