جێگری سەرۆكی پەرلەمانی رووسیا، پاڵپشتیی خۆی بۆ لاوانی كوردستان دەربڕی
لە میانی سەردانە فەرمییەكەی جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان بۆ مۆسكۆ، سەرەتا لە لایەن (سیرگی زیلیزنیاك) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی رووسیای فیدراڵ پێشوازی كرا و باسی لە دۆستایەتیی لاوانی كوردستان و لاوانی رووسیا كرد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی رووسیا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ ئەم سەردانە و بەهەنگاوێكی مەزنی هەژمار كرد لە مێژووی لاوانی رووسیا و لاوانی جیهان بە گشتیدا و، لە مێژووی لاوانی كوردستانیش بە تایبەتی، باسی هەڵوێستی رووسیایشی كرد بەرامبەر بە گەلی كوردستان لە مێژووی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كوردا و پاڵپشتیی خۆی بۆ لاوانی كوردستانیش دەربڕی.
لە سەردانەكەیدا بۆ مۆسكۆ، (فەلاح حەسەن) لە لایەن هەریەكە لە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رووسیای یەكگرتوو پارتی لیبرال و پارتی كۆمۆنیستی رووسیا پێشوازی كرا، كە دووبارە لەسەر چەندین تەوەری گرینگ گفتوگۆیان هەبوو، پاشان جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان لە پانێڵێكی راستەوخۆدا لەنێو بارەگای سەرەكیی پارتی رووسیای فیدراڵ شانبەشانی سەرۆكی لاوانی ئەوروپا بەشداری كرد و رۆڵی لاوانی جیهان و لاوانی كوردستان و قارەمانیەتیی پێشمەرگەی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە، هەروەها لە دوایی كۆتاییهاتنی كونگرەی لاوانی رووسیا، (فەلاح حەسەن) بە فەرمی بەشداریی یەكەمین كۆبوونەوەی سەركردایەتی لاوانی پارتی رووسیای یەكگرتووی كرد و وتارێكی پێشكەش كرد و پیرۆزبایی لە سەرۆك و دەستەی نوێ ی ئەنجوومەنەكە كرد.
شایانی باسە، لە كۆتایی سەردانە فەرمیەكەیدا، لاوانی رووسیا دیارییەكیان پێشكەش بە جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان كرد و هیوایان خواست ئەم دۆستایەتییە بەردەوامی هەبێت.
(فەلاح حەسەن) لاوێكی باشووری كوردستانە و هاوكات نوێنەری دەرەوەی لاوانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە كە ناسراوە بە (یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان).
KDP-
