گەرمیانی: دوو هاوکاری دەدرێتە مامۆستایان..خۆپێشاندنه‌كان به‌ حزبی كراون

 	 گەرمیانی: دوو هاوکاری دەدرێتە مامۆستایان..خۆپێشاندنه‌كان به‌ حزبی كراون
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێ، کە خۆپیشاندانەکان چوارچێوەیەکی حزبی و سیاسییان وەرگرتووە و لە بەرژەوەندیی مامۆستایاندا نییە، ئاشکرایشی کرد کە دوو هاوکاری به‌ مامۆستایان دەدرێ و بەهیچ شێوەیەک ئەو مامۆستایانەش ناگرێتەوە کە بایکۆتی دەوامیان کردووە.



سەرۆکی یەکێتیی ماموستایانی کوردستان (ئەحمەد گەرمیانی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، بڕیارە دوو هاوکاری بۆ ماموستایان خەرج بکرێت کە بڕێکی لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ لە مانگی١٠ـەوە حیساب کراوە بۆ ھەر ماموستایەک كه‌ ٦٠ھەزار دینارە و، بڕێکی دیکە لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانیاییەوەیە بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار کە ھاتوچۆ دەکەن.. جارێ پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە بە شێوەیەک بۆ ئەو مامۆستاییەی ٢٠ کم دوورە ٥٠ دۆلار و، ٤٠ کم دووریش ٧٥ دۆلار تا بڕی ١٠٠ دۆلار دەبێ.



سەبارەت بە وادەی دابەشکردنەوە (ئەحمەد گەرمیانی) گوتی، لەم مانگەوە دەبێ و هەروەک پێشووتریش کە وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێم لە دهۆک جەختی کرده‌وه‌، لەم مانگەدا دوو هاوکارییەکە دەدرێ بە مامۆستایان.



(ئەحمەد گەرمیانی) پێوەست بە هاوکاریی کۆمپانیا ئەڵمانیاییەکە لە پارێزگای دهۆک روونی کردەوە، کاری ئەو هاوکارییە لە دهۆک تەواو بووە کە شەشهەزار مامۆستا دەگرێتەوە، بۆ هەولێر و سلێمانییش پاش ته‌واوكردنی کارەکان ده‌بێ، به‌ڵام وه‌ك سەرۆکی یەکێتیی ماموستایانی کوردستان ده‌ڵێ، ئه‌م هاوكاریانه‌ ئەو مامۆستایانه‌ ناگرێته‌وه‌ کە بایکۆتی دەوامیان کردووە.



سەبارەت بۆ خۆپیشاندانی مامۆستایانیش لە ئێستادا، گەرمیانی نەیشاردەوە کە ئەم خۆپیشانانە بوونەتە سیاسی و به‌حیزبی كراون، ئه‌وه‌تا خەڵکی حزبی بانگهێشت دەکرێ و گوتار دەدا، بۆیە خۆپیشاندانەکان لە چوارچێوەی مامۆستایاندا دەرچووە و، چوارچێوەیەکی حزبی و سیاسیان وەرگرتووە.



گوتیشی، تیبینیی ئەوەیان کردووە ئەو گوتارانەی حزبییەکان لە خۆپیشاندانی مامۆستایاندا دەیدەن، گوتارێکن لە بەرژەوەندیی مامۆستایاندا نییە و شێوازێکی دژایەتی هەیە.

KDP-
Top