سۆزان خاڵە شەهاب: ھەندێک حزب لەو حکوومەتە ماونەتەوە کە بە شکستخواردووی دەزانن

 سۆزان خاڵە شەهاب: ھەندێک حزب لەو حکوومەتە ماونەتەوە کە بە شکستخواردووی دەزانن
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کشانەوە و نەکشانەوەی لە حکوومەت، نایەوێت خۆی بە سیاسەتی ھیچ حزبێکەوە ببەستێتەوە.

سۆزان خاڵە شەھاب، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: "تۆ ئەگەر لە قەیران بیت، دەبێت بۆ دەربازبوونت لە قەیرانەکە بە دوای چارەسەر بگەڕێیت، ئەوەی ئێستا ھەیە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، متمانەیان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەماوە، خەڵک لە پاشەکەوتی مووچە نیگەرانن".

ئەو ڕاوێژکارە، ئەوەشی خستەڕوو: "بەھۆی قەیرانەوە ناکۆکیی گەورە لە نێوان ھێزە سیاسییەکان دروست بووە، بۆیە دەبێت کەشێکی وا بخولقێنرێت کە گفتوگۆ دروست ببێت، لەبەرئەمەش ناوەندی بڕیاری یەکێتی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بە گۆڕانکاری لە پێکھاتەی پەرلەمان و شەفافکردنی داھاتەکان دەکات".

سۆزان خاڵە شەهاب لە لێدوانەکەیدا ڕوونیشی کردەوە: "گرفتەکە لەوە دایە کە گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو، لەناو حکوومەتن، تۆ کاتێک وەک حزبێک بەشداریت لە حکوومەت کرد، ناکرێت بڵێیت حکوومەتی من نییە، لە کاتێکدا وەزیرت ھەیە، بۆیە بەشێکی زۆری قەیرانەکانیش دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان یان دەبێت لەگەل حزبەکان گفتوگۆ بکرێت یان دەبێت لە حکوومەت بکشێنەوە، بەس تێناگەم بۆ ھیچ لەمانە ناکەن؟، ئەگەر حکوومەت شکستخواردووە، با بێنە دەرەوە".

ھاوکات جەمال یوسف بۆتانی، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "وەک یەکێتی، خۆمان بە سیاسەتی هیچ حزبێکەوە نابەستینەوە". گوتیشی: "تێناگەم، گۆڕان بۆچی لە حکوومەت ناکشێتەوە؟ لە کاتێکدا مانەوە و نەمانەوەی وەک یەکە، ئیتر بۆچی بڕیاری خۆی نادات".















باسنیوز
Top