قایمقامی شنگال: پەکەکە ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی کچە ئێزدییە ڕفێنراوەکان دروست دەکات

 قایمقامی شنگال: پەکەکە ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی کچە ئێزدییە ڕفێنراوەکان دروست دەکات
قایمقامی شنگال، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی ئەو کچە ئێزدییانەی ڕزگار دەکرێن، دروست دەکات و ھەوڵ دەدات ئەوانە کە لە دەست داعش ئازاد دەبن، بە چەکدار بکات و ڕەوانەی شەڕیان بکات.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، ڕایگەیاند: "ئەو کاتەی کەسێکی ڕفێنداروی ئێزدی لە دەست ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، ڕزگار دەکرێت، پەکەکە ئاستەنگ بۆ ئەو ڕزگار کراوانە دروست دەکات، ھەندێک جار دوو ڕۆژ یان زیاتر، ئەو ڕزگارکراوانە لای خۆی دەھێڵێتەوە، بەداخەوە کە دەبینین ھەندێک لایەنی سیاسیی کوردی کاری وابکەن ئاستەنگ بۆ ئێزدییە ڕزگارکراوەکان دروست بکەن، ئەوان بۆ مەرامی سیاسی بەکار دێنن و دەیانەوێت بیانکەنە چەکداری خۆیان و ڕەوانەی شەڕیان بکەن".

قایمقامی شنگال ئەوەشی خستەڕوو: "حکوومەتی عێراقی بۆ ڕزگارکردنی ئەو کچە ڕفێندراوانە ھاوکار نییە، زۆرجار ئێمە داوامان لێکردوون کە ھاوکاریمان بکەن، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە".

لە بەرەبەیانی ڕۆژی 3\8\2014، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بە هێزێکی زۆرەوە، هێرشی کردە سەر شاری شنگال لە ڕۆژئاوای مووسڵ کە زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتووانەکەی لە کوردانی ئێزدین، هەزاران پیاوی لێ کوشتن و هەزاران ژن و منداڵیشی لێ ڕفاندن کە دواتر بە بیانووی جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام، بازاڕێکی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەی دروست کرد و ناوی لەو ڕفێندراوانە نا (سەبایا).










باسنیوز
Top