ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕان و بەشێکی یەکێتی دەیانەوێت کوردستان پارچە بکەن

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: گۆڕان و بەشێکی یەکێتی دەیانەوێت کوردستان پارچە بکەن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پەیامی پارتی ڕوون و ئاشکرایە کە یەکپارچەکی خاکی کوردستان دەپارێزێت.



نەجات حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: ئەم خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ شەممە 19\11\2016، خۆپیشاندانێکی حزبییە، ئەوەی ڕێکی خستووە، کادیری حزبەکانن، کۆمەڵ و گۆڕان و یەکێتی تێدایە، خۆپیشاندانەکە تەواو حزبییە و ئەوان لەپشت ئەم بابەتەوەن، لە کاتێکدا ژیان بەهۆی قووتبڕینی نووری مالیکی لە کوردستان وەستاوە، ئەو مالیکییەی کە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێک لە یەکێتی دەیانەوێت بیکەنە هاوپەیمانان، هەر ئەو کەسانە ئێستا چەپڵە بۆ ئەو گرووپە لێ دەدەن کە قووتی خەڵکی کوردستانیان بڕی، لە کاتێکدا ئیرادەیەکی خراپ لەپشت ئەم بابەتە هەیە، ئامانجیشی پەرت و بڵاو کردنی کوردستانە و بەستنەوەیەتی بە بەغدا”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئاگادارین هەولێک هەیە بۆ ئەوەی دروشمی گەڕانەوە بۆ بەغدا بەرز بکرێتەوە، بەڵام ئێمە وەک پارتی دیموکراتیی کوردستان لەگەڵ هەموو خەباتێکی مەدەنین، بەڵام حکوومەتیش لە ئاستی ئیدارەی سلێمانی دەبێت هەق و حسابێکی لەگەڵدا بکرێت، بزانین ژمارەی پارەی سنوورەکان و داهاتی ئەو شارە چی لێ هاتووە؟ لێکۆڵینەوەش بکرێت و بزانین کە داهاتی سلێمانی بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ئەو شارە دەکات؟".




ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەشی ڕوون کردەوە: "حکوومەتی عێراق هۆکاری بڕینی قووتی خەڵکی کوردستانە، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەسەرخەت بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

نەجان حوسێن ئەوەشی گوت: “پەیامی پارتی باش گەیشتووەتە گۆڕان و ئەو حزبانەی دەیانەوێت بەناوی خۆپیشاندەرانەوە هێرشی بکەنە سەر پارتی، چونکە جاری جاران چوو، ئێستا دۆخەکە جیاوازە و ئەوەیان پێ ناکرێت، چونکە خۆیان زیانمەندی یەکەم دەبن، ئەوان بەرپرسیارن لەم سنوورە”.









باسنیوز
Top