له بۆکان دوو برای بەندکراو ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کران

 له بۆکان دوو برای بەندکراو ڕەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کران
دوو برای خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستگیر کرابوون، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کران.



بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی پارێزەرانی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو برای کوردی خەڵکی بۆکان بەناوی مستەفا و دیاکۆ شێخی، کە پێشتر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی بۆکانەوە دەستگیر کرابوون، سەرەنجام بۆ گرتنەگەی ئیتلاعاتی ورمێ راگوێزراون.



بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەو دوو برایە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستگیر و زیندانی کراون.



دەگوترێ تۆمەتی بوونی چەکوچۆڵیان دراوەتە پاڵ و ئەونیش ڕەتیان کردووەتەوە و دیاکۆ شێخی، بێدەنگ نەبووە و لەڕووی هێزە ئەمنییەکاندا وەستاوەتەوە و هێرشی کردووەتە سەریان، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێی دراوە و بریندار بووە.



سەرچاەکان باس لەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی ئەو دوو برایە نایاسایی بووە و هێزە ئەمنییەکانی هیچ حوکم و بەڵگەیەکی دادوەر و دادگایان پێ نەبووە، جیا لە سووکایەتی و ئەشکەنجە، کەلوپەلە شەخشییەکانیشیان دەستی بەسەردا گیراوە.



لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە شار و شاروچکەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات شەپۆلێکی فراوانی دەستگیرکردنی چالاکوانانی سیاسی و بەتایبەت گەنجانی کورد بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەستگیر کراون کە بەپێی ئامری ناوەندکانی پاریزەری مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەی دەستگیر کراوەکان نزیکەی 100 کەس دەبێت کە تەنیا لە شاری بۆکان زیاتر لە 20 کەس گیراون.



باسنيوز
Top