كوردستانیان: پەیامی سەرۆك بارزانی، پەیامی مرۆڤدۆستی و دڵنیایی بوو بۆ سەرجەم پێكهاتەكان

 كوردستانیان: پەیامی سەرۆك بارزانی، پەیامی مرۆڤدۆستی و دڵنیایی بوو بۆ سەرجەم پێكهاتەكان
هاونیشتیمانیان خۆشحاڵی و دڵنیایی خۆیان بۆ گوتەكانی (سەرۆك بارزانی) دووپات دەكەنەوە و دەڵێن، (بارزانی) بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كۆتایی بە شەڕی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هێنا و، بە ئازادكردنی ئەو ناوچانەیش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، مەترسیی گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان نەهێشت.

پێوەست بەم پرسە، (مەریوان كەمال) ڕۆژنامەنووس لە كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە پاش سەركەوتنە مەزنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەسەر تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنەوەی بەشی هەرە زۆری خاكی كوردستان، لە باشیك لە دواخاڵی سنووری باشووری كوردستان، سەرۆك و پێشمەرگەی كوردستان پەیامێكی ئاڕاستەی تێكڕای كوردستانیان و ناوچەكە و جیهان كرد، پەیامی (سەرۆك بارزانی)، پەیامێكی گشتگیر و پڕبایەخ و بەهادار بوو، پەیامی سەركەوتن و پەیامی ئیرادەبەرزی و پەیامی مرۆڤدۆستی و دڵنیایی بوو بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایین و مەزهەبە جیاوازەكان، هەروەها دووپاتكردنەوەی پەیامی یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بوو بۆ حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە مەبەستی چارەكردنی دۆخی سیاسی و دارایی. دەیشتوانین بڵێین، پەیامێك بوو بۆ دۆستان و دوژمنانی گەل و خاكی كوردستان. لە نێو پەیامەكەی سەرۆكدا، دوو خاڵی زۆر گرینگ باس كران، دووپاتكردنەوەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكانی دانیشتووی نێو هەرێمی كوردستان و پاراستنی ژیان و سەروماڵ و كەرامەتیان و ئاگاداركردنەوە و بگرە هەڕەشەكردن لە كەسانێكی ناپاك و خائین و خۆفرۆش، كە لە تازەترین داهێنانی سیاسییاندا راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پیلان و ویست و مەبەستی دابەشكردن و كەرت و پەرتكردنی هەرێمی كوردستانیان هەیە، هەروەها زۆر راشكاوانە رایگەیاند كە ئێمە لە رابردوودا شەڕی بەگژداچوونەوەی دابەشكردنی نەخشەی سیاسی و ئیداری و فیدڕاڵیی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانمان كردووە، بێگومان بۆ ئێستا و لە داهاتوویشدا ئامادەین بەرپەرچی هەر دەنگێكی نەشاز و هەر پیلان و ویستێكی خیانەتكارانە بدەینەوە، ئەمەش داوای هەرە زۆری جەماوەری كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، پێویستە هەموو دڵسۆزانی ئەم هەرێمە پاڵپشت و پشتیوانی (سەرۆك بارزانی) بن بۆ بەرگرتن لە هەر جۆرە پیلانێكی ناحەزان و دوژمنان و خائینانی دژ بە گەلی كوردستان."

(ڕەوا تەحسین) لە هەولێر، وەك چالاكوانی مەدەنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) لە باشیك بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كۆتایی شەڕی داعشی راگەیاند، بە بەغدا و دوژمنانی هەرێمی كوردستانی گوت، ئیتر ناوچەكانی خۆمان تەواو ئازاد كرد، كەسایەتیی (سەرۆك بارزانی) بە شێوەیەكە دەتوانێ لە كاتی دەركەوتنیدا زۆر شتی نهێنی و شاراوەی لێوە بخوێنیەوە، لە گوتەكانی جەنابیاندا كۆمەڵێك هیوا و ئومێدی گەورەمان بەدی كرد، كە ئاماژەی ڕوون و ئاشكرا بوون بۆ داهاتوویەكی گەشی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە، لە هەمان كاتدا خەونی هەموو ئەوانەی لە گۆڕ نا كە باسیان لە كشانەوەی پێشمەرگە دەكرد و كاریان لەسەر لاوازكردنی هەستی نەتەوایەتیی خەڵكی كوردستان دەكرد."

(سەنگین زەندی) قوتابیی زانكۆی سەڵاحەددین، بۆ ماڵپەڕەكەمان گوتی: "پاش سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە باشیك، (سەرۆك بارزانی) گوتارێكی پێشكەش كرد و دڵنیایی بە خەڵكی كوردستان دا، كە بە هیچ شێوەیەك عێراق وەكو پێش شەڕی داعشی لێ نایەتەوە، هەر هاوكێشە و ئەنجێندایەك كوردستان پەراوێز بخات قبووڵ ناكرێت، جەختیشی كردەوە كە كوردستان بەرەو كەنارێكی ئارام دەڕوات و لە سەربەخۆیدا لەنگەر دەگرێت، ئەمەیش بووە هۆی دڵخۆشیی كوردستانیان و لە ئاساییش ئارامی و دوور لە هەر مەترسییەك دەژین و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی و ئاشتی دەدەین لە كوردستاندا."

(ڕێبوار عەلی)ـی دانیشتووی شاری هەولێر، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "گوتارەكەی (سەرۆك بارزانی) لە باشیك، هاوشێوەی ئەو گوتارە بوو كە لە خواكوڕك پێشەكەشی كرد، پەیامی دروستی دڵی هەموو كوردستانیانێكی گەیاند، سیاسەتی حەكیمانەی (سەرۆك بارزانی)ـیش، گەییشتووەتە ئاستێك زلهێزانیش بۆ ڕاگرتنی باڵانسی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیان بە هێزی پۆڵایینی پێشمەرگە و (بارزانی)ـیە، هەڵبژاردنی باشیك بۆ گوتارەكە زۆر گرینگ بوو، چونكە لەم ناوچەیەدا هەموو پێكهاتەیەكی ئایینیی جیاوازی لێ دەژیت، كەواتە كوردستان بە هەموو جیاوازییەكانەوە لە سایەی (سەرۆك بارزانی)ـدا بە ئاسایشێكی سەقامگیرەوە دەمێنێـتەوە."
kdp-
Top