یەکێتی قەرزاری رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە

 یەکێتی قەرزاری رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان قەرزاری رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە، کە بەردەوام بە شانازییەوە باسی دەکات.

بەپێی لیستی ئەو حزبانەی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ ناوەکانیانی بڵاو کردووەتەوە، یەکێتی وەک ئەندامێکی ئەو رێکخراوە، ماوەی دوو ساڵە ئابوونەی نەداوە.

بۆ هەر ساڵێک، پێویست بوو لەسەر یەکێتی بڕی 20 هەزار پاوەندی بەریتانی (نزیکەی 25 هەزار دۆلار) وەک ئابوونە بداتە رێکخراوەکە، کە بۆ مەبەستی خەرجکردن لە چالاکییەکانی سۆسیالیشت ئینتەرناشناڵ بەکار دەهات.

هەروەک لە لیستەکەدا هاتووە، یەکێتی لە ساڵانی 2015 و 2016، ئابوونەی ساڵانەی نەداوەتە رێکخراوەکە، کە بە هەردوو ساڵ دەکاتە نزیکەی 50 هەزار دۆلار.

یەکێتی شانازیی بە ئەندامبوونی لە سۆسیالیست ئینتەرناشناڵ دەکات و جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتی‌ش جێگرێکی سکرتێری ئەو رێکخراوەیە و چەندین جار بە شانازییەوە باسی لە ئەندامێتیی حزبەکەی لە رێکخراوەکە دەکرد.

پێشتر لە بەیاننامەی دامەزراندنیدا، "ناوەندی بڕیار"ی یەکێتی رایگەیاند، باڵی دەستڕۆیشتوو، کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هاوسەری جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتیی دەکات، دەستی بەسەر دارایی یەکێتیدا گرتووە.




باسنيوز
Top